کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە؛ ئەنجومەنی نۆژین بۆ پشتیوانیکردن لە مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

11:09 - 10 جۆزەردان 2722

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە سنە، بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتیی مامۆستایانی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

نەتەوەی بیرمەند و خۆڕاگری کورد!

بنکەی پەروەردە وەکوو هەموو بنکە و دیاردەکانی مودێڕنیتە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری دوو تایبەتمەندی و لایەنی جیاواز و دژبەره. پەروەردە لە مودێڕنیتەدا، سەرەڕای ڕەخساندنی دەرفەتی جیاواز بۆ ئاوەزی جیهان و بە دامەزراوەییکردنی لێکۆڵینەوە و بارهێنان بۆ هەنگاونان بەرەو ناسین و تێگەمەندکردنی مرۆڤ، جیهان و پێوەندییەکانی، هاوکات هەر لە سەرەتاوە بە هاتنە ئارای ڕێسای (فورمووڵی)ی زانست-دەسەڵات، ئامرازێک بۆ چاودێریکردن و ڕکێفکردن بووە.

هەبوونی ئەم دووانە دژبەرە لە هەناوی پەروەردەدا پێویستیی خوێندنەوە و توێژینەوەی ئەم دیاردەیە لە پێوەندی لەگەڵ دیاردەکانی تر بە تایبەت چوارچێوە و فورمی دەوڵەت و دەسەڵاتدارەتی بەرجەستە دەکاتەوە.

دەوڵەت و دەسەڵاتە توتالیتارەکان، بنکەی پەروەردە وەکوو کارگەی بەرهەمهێنانی شێوازی دڵخواز و ئایدیۆلۆژی‌بردەی مرۆڤەکان سەیر دەکەن کە تێیدا دەبێ کاڵایەکی هاوشێوەی یەکسان بە ناوی مرۆڤی دەستەمۆکراو بەرهەم بێت و بە دروستکردنی بازنەیەکی بەرتەسک لە خودییەکان و ڕووبەرێکی فراوان لە ئەویدی، ئەوتر دەکەن بە دوژمن و هۆکار و پاساوی هەموو چەشنە هەڕەشە و کەموکۆڕییەکانیان.

بنکەی پەروەردە لە کوردستان لە هەر سێ بواری زمان، چوارچێوە و ناوەرۆکدا و بە درێژایی مێژوو لەلایەن گوتاری زاڵەوە وەکوو ئامرازی ڕکێفکردن کەڵکی لێ ‌گیراوە. پەرەنەسەندنی وشیاریی هزری- کردەیی مرۆڤی کورد، دابڕانی مێژوویی، تواندنەوەی فەرهەنگی، ئەتومیزەکرانی کۆمەڵگە، داڕووخانی ئابووری و بەڕێوبەرایەتی و... لە ئاکام و دەرکەوتەکانی سیستمی پەروەردەیین. بۆیە ڕەخنەکاریی هەمەلایەنەی زمان، چوارچێوە، ناوەرۆک و کارکردەکانی ئەم بنکەیە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری گۆڕەپانی هزری-کردەیی هەنووکەی کوردستانە.

جووڵانەوەی مامۆستایان لە کوردستان دەرخەری ئەوەیە کە جێبەجێکاران و تێکۆشەرانی ئەم بنکەیە لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە گەیشتوونەتە ڕادەیەک لە تەنگەژە و وشیاری کە فورمی پێشوویان پێ‌ قەبووڵ ناکرێت و بە لێکدانەوەی خەسارەکانی سیستمی پەروەردەیی، هەنگاوی کردەیی و بەرینیان بۆ گۆڕانی ئامانج، دەور و کارکردەکانی ئەم بنکەیە هاویشتووە.

ئەنجومەنی نۆژین سەرەڕای ڕەخنەکاریی ڕادیکاڵی سیستمی پەروەردە و بارهێنان و بەرزنرخاندنی تێکۆشانی مامۆستایانی وشیار و بەزاڵەهاتوو، خوازیاری ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراوە و وەپاڵدانی هەرچەشنە تۆمەتێک بە ئانتی‌ئوکسیدانێکی ئایدۆلۆژیک دەبینێت کە مەبەستی ڕاگیرکردن و کونترۆڵکردنەوەی هێزی ڕاپەڕیوە.

ئەنجومەنی نۆژین پشتیوانیی خۆی بۆ داواکارییە نەتەوەیی، پەروەردەیی و سێنفییەکانیان دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت کە پشتیوانیکردن لە مامۆستایان ئەرکی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەیە و وڵامدانەوەی داواکارییەکانیان و ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو ئەرکی دەسەڵاتە.

ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین