کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوسیال دێموکراتەکانی سوێد: یەکەم گرووپ بووین ئامادەیی خۆمان لە پشتیوانی کردنی کورد دەربڕی

14:55 - 26 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەیی‌یەکانی سوسیال دێموکراتی سوێد کۆبووەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوێد بە سەرپەرستیی \'\'حەمید تەیمووری\'\' نوێنەری حیزب لە وڵاتی سوێد، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەگەڵ \'\'ئاندرینە وینتر\'\' نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەیی‌یەکانی سوسیال دێموکراتی سوێد، لە پارلمانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتی دامەزرانیەوە هەتا ئێستا لە دژی رێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، داکۆکیی حیزبی دێموکرات لە مافی نەتەوەی کورد و هەموو نەتەوەکانی ئێران، دروشمی ستراتیژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران واتە دابینکردنی مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدراڵدا و دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر نەتەوەکانی ئێران، بەشێک لە قسە و باسی ئەو کۆبوونەوەی پێکهێنابوو.

زەبر و زەنگ و سەرکوتەکانی رێژیم بۆسەر خەڵکی کورد و نەتەوەکانی دیکەی وەکوو ئازەری، عەرەب تورکمەن و بەلووچ و ئیعدامی هاووڵاتییانی سەربە نەتەوەکانی ئێران و کوژرانی رۆژانەی کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکان، باسگەلێک بوون کە لەو کۆبوونەوەیەدا وروژێنران.

لەو دیدارەدا هەروەها باس لە هێرشی گرووپی تیرۆریستیی خەلافەتی ئیسلامی بۆسەر کوردانی ئێزدی لە شنگال و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٣٠ هەزار کورد لەو دەڤەرە و کوژرانی منداڵ و پیر و ژنانی کورد بە دەستی گرووپی تیرۆریستیی داعش هاتە ئاراوە.

خاتوو ئاندرینە وینتر نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەیی‌یەکانی سوسیال دێموکرات، سپاسی شاندی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەمەڕ دانی ئەو هەموو ئامار و زانیارییە کرد و ئەوانیش وەکوو سوسیال دێموکرات پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ نەتەوەی کورد راگەیاند.

ئاندرێنە وینتر وتی: پاش هێرشی داعش بۆسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم گرووپی وڵاتی سوێد بووین کە سەردانی نوێنەرایەتیی حکوومەتمان کرد و ئامادەیی خۆمان لە هەر چەشنە هاوکارییەک دەربڕی.

وتیشی: ئێمە وەکوو سوسیال دێموکرات گوشارێکی یەکجار زۆرمان بۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی سوێد هێناوە لەمەڕ فشارهێنان بۆسەر یەکیەتیی ئورووپا هەتا هاوکاریی خەڵکی کوردستان بکەن.