کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی تاکەکەسی

14:06 - 20 خاکەلێوه 2721

سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان بە مەبەستی بنبڕکردن و کێڵانی مڵکی گشتی و دارستانەکان، بۆ ئەوەیکە بیکەن بە باخی تاکەکەسی بەبێ هیچ بەرگرییەک بەردەوامە.

کەسانی هەڵپەرست و بەڕژەوەندیخواز دارستانەکانی ''گوێزەکوێرە و ژیژوانـ'' ـیان لە مەریوان بەبێ ئەوەیکە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە ڕێگرییان لێ بکرێت سووتاندووە و زیانێکی زۆریان بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسانە دارستانەکانی ''گوێزەکوێرە و ژیژوانـ'' ـیان بۆ ئەو مەبەستە سووتاندووە کە شوێنەکەی بکەن بە مڵکی تاکەکەسی و باخی لێ دروست بکەن.

ئەمە یەکەم جار نییە کە حاڵەتی لەم چەشنە ڕوو دەدات و ساڵانە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم کە زیاتر سەر بە سپای پاسدارانن بەمەبەستی تێکدان و کاوڵکردنی ژینگەی کوردستان بە دەیان هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان لە ئاگردا دەسوتێنن.

 پرۆسەی کاولکردنی ژینگەی کوردستان لەلایەن داگیرکەرەوە، هەندێک بەرژەوەندیخوازی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیشی تێوەگلاوە و مافیاکانی "زەمین‌خاری" لەم پرۆسەیەدا، دەستیان هەیە.

سووتاندنی دارستانەکان، بڕینی دار و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی شارەکانی ئێراندا، بڕینی دار بۆ خەڵووز، لەنێوبردنی دارستان بۆ دروستکردنی باخ و ...، لەو چالاکییەن کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە کوردستاندا پەرەی سەندووە و خەڵک، ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسداران لە سەرەوەی هەموویاندا، بە تاوانباری سەرەکی دەزانن.