کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس درێژەی هەیە

12:35 - 5 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس هەروا بەردەوامە و بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرانە نادەن.

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و هاوین، گڕگرتنی بەردەوامی دارستانەکانی زاگرۆس دەست پێدەکات و بەشێکی زۆری ئەم دارستانانە لەنێو ئاگردا دەسووتێن و خەساری یەکەم بە ژینگەی کوردستان دەگات. بەرپرسانی ڕێژیمیش لەوپەڕی بێخەیاڵییاندا هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان نادەن.

لەمبارەوە، "ڕەزا ئەحمەدی"، بەڕێوبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلامدا ڕایگەیاندووە کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان مرۆییە و لەبەر ئەوەی خێرایی "با" لەم ناوچانە زۆرە، ئەوا کۆنترۆڵکردنیان دژوارترە.

هەتا ئێستا بە هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس سووتاوە و ژینگە و ماڵ و حاڵی زۆرێک لە گیانلەبەران لەنێوچووە. لە کاتی ئاگرەکانیشدا، جگە لە خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان بۆ کوژاندنەوەی ئاگر، هیچ ناوەندێکی لێپرسراوی ڕێژیم بەر چاو ناکەوێت.

بە قسەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچە سنوورییەکان زیاتر لە ناوچەکانی دیکەیە، هەرچەندە ئەوان هۆکاری گڕگرتنەکان بۆ نەبوونی هەستی لێپرسراویی خەڵک دەگێڕنەوە، بەڵام زۆرجار ڕێژیم بە مەبەستی تێکدانی ڕێگەی هاتوچۆ و شوێنی حەوانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، گڕ لە جەستەی کوردستان بەردەدات.