کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوودان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە

13:08 - 3 خەزەڵوەر 2720

وڵاتی سوودان هاوشێوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.

"دانێڵد ترامپ" سەرکۆماری ئامریکا ڕایگەیاندووە: "سوودان لە هەوڵدایە هەتا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە و ببێت بە سێهەمین وڵاتی عەرەبی کە لە بەرەبەری هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئامریکادا لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە".

هەروەها ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئەو هەوڵەی دەوڵەتی "سوودانـ"ـی بەرز نرخاندووە و پێشوازیی لەو بڕیارەی سوودان کردووە.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئیمارات وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لەو هەوڵەی سوودان، هیوای  خواستووە بتوانن لە ڕەوتی ئاشتی و هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەنگاوی ئەرێنی هەڵبگرن.

هەرلەو پەیوەندییەدا "نێتانیاهوو" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشوازیی لە بڕیاری وڵاتی سوودان کردووە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی هەر دوو وڵاتی بە "شۆڕشێکی گەورە" ناو لێ بردووە.

" نێتانیاهوو" هەروەها بە ئاماژەدان بە کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی ١٩٦٧ی زایینی کە لە "خارتۆمـ"ـی پیتەختی سوودان بەڕێوە چووبوو، وتوویەتی: "لەو کۆنگرەدا بەفەرمی ناسین و دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بە مەبەستی ئاشتی قەدەغە کرابوو، ئێستا لە دوای چەندین ساڵ، سێ وڵاتی عەرەبی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە و ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبیش زۆر زیاتر گەشەی کردووە".