کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووریە هاوردەکردنی ماشینی ئێرانیی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغە کردووە

12:21 - 25 خەزەڵوەر 2721

بەپێی ڕاگەیەندراوی ژووری بازرگانیی تاران، دەوڵەتی سووریە مۆڵەتی هاوردەکردنی ماشین و کەرستەی ئێرانیی هەڵوەشاندووەتەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، قەدەغەکردنی ئەو بەرهەمانە لانیکەم لە ماوەی ساڵ و نیوێکە بەڕێوە دەچێت.

ژووری بازرگانیی تاران وتوویەتی، لانیکەم لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوو، هیچ ماشینێکی دروستکراوی ئێران ئیزنی پێ نەدراوە هەناردەی سووریە بکرێت.

قەدەغەی هاوردەکردنی ماشینی ئێرانی بۆ سووریە لە حاڵێکدایە کە ئێران بەدوای بازاڕی دیکەی وڵاتانی ناوچەیە.

سنوورداریەتیی سەرچاوە ماڵییەکانی سووریە و نیگەرانی لە هەڵکشانی نرخی دراو، بە هۆکاری سەرەکیی ئەو بڕیارە دێتە ئەژمار.

کوالێتیی خوارەوەی ماشینەکانی دروستکراوی ئێران بە کردەوە هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی بۆ وڵاتانی دەرەوە کەم کردووەتەوە و بە چڕبوونی گەمارۆکان ئەو بازاڕانە ئەوەندەی دیکە سنووردار کراون.

بازاڕی ماشین لە ئێران لە پاوانی دەوڵەتدایە و بە چوونەدەرەوەی ماشینسازانی بیانی دوای هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، دۆخەکە زیاتر دژوار بووە.