کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتی دووبارەی قازی‌پوور بە گەلی کورد

11:51 - 14 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بۆ جارێکی دیکە بەناو نوێنەری شاری ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیم زاری پڕ لە ژاری خۆی دژ بە گەلی کورد کردەوە و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی گەلی کورد کرد.

پاش سووکایەتییەکانی نادر قازی‌پوور، بەناو نوێنەری شاری ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیم بە هەرێمی کوردستان و پرسیار کردن لە جەواد زەریف سەبارەت بە کڕنۆش بردنی بۆ ئاڵای کوردستان، ناوبراو دیسانەوە لە داڵانێکی مەجلیسدا وەک عادەتی باوی خۆی پەلاماری گەلی کورد و پیرۆزییەکانی دا و بە کۆمەڵێک قسەی سووک و جنێوفرۆشی ناخی پڕ لە قینی جارێکی دیکە خستەڕوو.

لە بەرامبەریشدا هیچ کام لەو بەناو نوێنەرانەی کە ئیددعای پارێزگاری کردن و داکۆکی کردن لە مافەکانی کورد لە مەجلیسی ڕێژیمدا دەکەن ئامادە نەبوون کە هەڵوێست یان دژکردەوەیەک لە خۆیان پیشان بدەن؛ ئەمەش بە واتای هاودەنگی ئەوان لەگەڵ بۆچوونە چەوتەکانی قازی‌پوورە بەرامبەر بە گەلی کورد.

ئەم پاسدارە جنێوفرۆشەی ڕێژیم کە تایبەت بۆ بێڕێزی کردن و سووکایەتی بە خەڵک لەو شوێنە دانراوە پێشتریش هەر بەو شێوازە لە دانیشتنەکانی مەجلیسدا قسەی کردووە؛ بۆ وێنە لە دانیشتنێکدا وتبووی: مەجلیس شوێنی جاشکەکەر و ژن نییە؛ دەبێ پیاو بنێردرێتە مەجلیس!

کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی و لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی جیددی هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەر تاکوو بە سووکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد، ئەم گەلانە لە متمانەبەخۆیی و هەستی نەتەوەییان دوور بخاتەوە کە یەکێک لە ڕێکارەکانیان کەڵک وەرگرتن لە کەسانێکی دەم‌هەراشی وەک قازی‌پوورە؛ بەڵام هاوکات بەشێوەیەکی فریوکارانە تاقمێک مۆرەی ئاڵقەلەگوێی سەر بە ویلایەت لەژێر ناوی نوێنەر لە مەجلیسەکەیاندا دادەنیشێنن تاکوو لە کاتێکی وەهادا وەک قازی‌پوور کەڵکیان لێوەرگرن.