کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتی سیستماتیکی ڕێژیم بە گیان‌بەختکردووانی مەریوان

12:14 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی دژەگەلی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی سیستماتیک و لە ڕێگەی دەزگای بەدناوی بەسیج و دەستوپێوەندییەکانییەوە هەوڵی سووکایەتی کردن بە شەهیدانی ژینگە لە مەریوان دەدات.

لە ڕۆژی ڕابردووەوە تاقمێک لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم سەر بە دەزگای بەدناوی بەسیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تویتێر و فەیس‌بووک و ئینستاگرام لەژێر ناوی ڕەخنەگرتن و دڵسۆزی نواندن هەوڵی خەوشدارکردنی چالاکی بوێرانەی ژینگەپارێزانی کوردستان دەدەن و دەیانهەوێ وەها پیشان بدەن کە هەوڵە ژینگەپارێزییەکان لە کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک لاوی خۆسەر و سەربزێوەوە ئەنجام دەدرێت کە دەیانهەوێ خۆیان بکەنە قارەمان.

ئەم بێڕێزی و سووکایەتی کردنانەی ڕێژیم لەکاتێکدان، خەڵکی کوردستان زۆر بە باشی لەوە ئاگادارن کە خودی کۆماری ئیسلامی و سپای تێرۆریستی پاسداران و دەستوپێوەندییەکانی ساڵانێکە بە ئەنقەست و لەژێر ناو و دروشمی بێ‌بنەما سەرقاڵی لەنێوبردن و سووتاندنی ژینگەی کوردستانن و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لێڕەوارەکانی زێدی کوردان و تراژێدیای هاوشێوەی مەریوان دەسەڵاتی ناوەندیی تارانە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لەحاڵێکدا کە بەوتەی دانیشتووانی شاری مەریوان دارستانەکانی مەریوان به هۆی تۆپبارانەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران تووشی ئاگرکەوتنەوە بوونە، بەرپرسانی ڕێژیم لە ناوچە، لەوانەش فەرمانداری مەریوان و سەرۆکی هیلالی ئەحمەری ڕێژیم بە حاشاکردن لە ڕاستییەکان و لە لێدوانی گاڵتەجاڕانەدا وتوویانە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی مەریوان گەرما و هاتنی با بووە!

ئەم هەوڵە نەزۆکانەی ڕێژیم بۆ بەلاڕێدابردن و چەواشەکردنی بیروڕای گشتی لە کاتێکدایە کە دەیانهەوێ بەمشێوەیە بێ‌کیفایەتی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانیان و وڵامدەر نەبوونیان بشارنەوە کە بووەتە هۆی تاڵ کردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک.