کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتی لەدوای سووکایەتی!

18:16 - 4 رێبەندان 2720

شەماڵ تەرغیبی

سرشتی سیستمە کۆلۆنیالی و داگیرکەرەکان وایە کە بۆ پێکانی ئامانجە نگریسەکانیان لەمەڕ بەچۆکداهێنانی نەتەوەکانی ژێردەستیان لە هەر دوو ڕەهەندی زبر و نەرم کەڵک وەردەگرن تاکوو ئەو گەل و نەتەوانە ناچار بە سەرداخستن، ملشۆڕکردن و ملکەچکردن بکەن و بەردەوام لاوازیان بکەن و بە لاواز نیشانیان بدەن.

کاتێک کە دەڵێین لە ڕەهەندی زبر و نەرمەوە مەبەست ئەوەیە کە جگە لە سەرکوت و پەلامار و هێرشی سەربازی و هەوڵدان بۆ خاشەبڕکردن لەڕووی فیزیکییەوە هەوڵ دەدەن دزە بکەنە نێو مێشک و هزری تاک بە تاکی ئەندامانی ئەو نەتەوەیە و پێیان بڵێن کە ئێوە بێتوانا، بێکەڵک، ناسەردەمی و دوور لە ئاوەز و فکرن و ئەگەر ئێمەی داگیرکەر نەبین ئێوە لە برسا دەمرن و بەرگەی سەختی و دژوارییەکانی ژیان ناگرن.

سەرەکیترین و گرینگترین ئامرازی بەردەست داگیرکەران بۆ پێکانی ئەم ئامانجە کە لە چوارچێوەی شەڕی نەرمدا پێناسەی بۆ دەکرێ، بریتییە لە میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگاکاندا پێوەندی هەیە و دەتوانێ کاریگەری لەسەر مێشکی تاک دابنێت و بە پڕۆسەی ئۆلگووسازی ئاراستەی بیرکردنەوە و لەژێر سێبەری ئەویشدا ئاراستە و ئاقاری ژیان بەو جۆرە ڕێک بخات کە دەیهەوێ و وەک دەڵێن تاکەکان بکاتە دیلی دەستی خۆی.

لەم چوارچێوەیەدا کۆماری ئیسلامی ئێران وەک سەرەکیترین دوژمنی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان ساڵانێکی دوورودرێژە کە وێڕای شەڕی زبر و پەلاماری سەربازی بە مەبەستی تەفروتووناکردنی گەلی کورد هەوڵی داوە کە لەڕێگەی دامودەزگا میدیاییەکانییەوە دوو ئامانجی نەرمیش بپێکێ: یەکەم خەوشدارکردنی زەینی بەردەنگە غەیرەکوردەکان و ڕەوایی بەخشینێک بە جینایەتەکانی لە کوردستان لەلای خەڵکانی سەر بە نەتەوەکانی تری ئێران و دووهەم تێخزاندنی ئەو فکر و ئایدیا شۆڤینیستییە بە کورد و نەسڵی نوێی کوردستان کە کورد لاوازە، ناتوانێ کاروباری خۆی بەڕێوە ببات، دوورە لە شارستانییەت و دنیای نوێ و لەوەش زیاتر کورد نەتەوەیەکە کە لە سەدە بەردینەکاندا ماوەتەوە! ئامانجیش لەم پڕوپاگەندا ژاراوییە بریتییە لەوەیکە ئەو فکرە بێبنەمایە بخزێننە نێو مێشکی تاکی کورد بەتایبەت نەسڵی نوێی کوردستان کە ئێوە گەلێکی لاوازی بێشوناسن کە ئەگەر ئێمەی براگەورە! نەبین ئەوا ناتوانن لە گێژاوی ژیاندا خۆ دەرباز بکەن؛ بەواتایەکی تر بە کورد بقبوڵێنن کە نابێ و ناشێ داوای مافی خۆیان بکەن و لە ئیرادە و باوەڕبەخۆیی دایماڵن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش بێڕێزییەکانی هەندێ لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بە کەسایەتییە دیارە هونەری و ئەدەبی و ژینگەییەکانی کوردستان، شاهێدی پەلامارێکی تری ڕێژیم لە ڕێگەی کاناڵی دووی دەنگوڕەنگییەوە بووین کە چلۆن بێڕێزییان بە جلوبەرگی کوردی کرد کە یەکێکە لە هێماکانی جیاکردنەوەی ئێمەی کورد لە ئەوانیتر؛ بەڵام بەوەشەوە نەوەستان و لە بێڕێزی و سووکایەتیپێکردنێکی تر و لە کورتەفیلمێکی 9 خولەکیدا هەوڵیان دا کە هەمان ئامانج و بە جۆریکی تر نیشان بدەنەوە.

لەم کورتەفیلمەدا کە لە ژێر ناوی " توکل" دروست کراوە، زۆر بێشەرمانە باس لەسەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان دەکەن و بە هاوپەیمانی ئەبووبەکر بەغدادی ناوی دەبەن.

نێوەڕۆکی فیلمەکە سەرتاپای سووکایەتی بە کورد، بە ڕێبەرانی کورد و بە کۆمەڵگای کوردستان و بە هەموو پێشمەرگەکانی کوردستانە.

لە کۆتاییشدا "قاسم سلێمانیـ"ـی تێرۆریست، وەک قارەمانێک پیشان دەدات کە ئەگەر ئەو نەبوایە کوردستان تەفروتوونا دەبوو! چونکە ئەو بوێری و ئازایەتییەکی هەبووە کە هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان لێی بێبەری بوون.

ئەوەیکە ڕوونە لەم کورتەفیلمەدا ڕێژیم بەنیازی پێکانی چەند مەبەستی سەرەکی بوو؛ کە وەک لە سەرەتاشدا ئاماژەی پێکرا بەشێکی ڕووی لە خەڵکی کوردستان و بەشێکیشی ڕووی لە خەڵکی غەیرەکوردی نیشتەجێ لە ئێرانە. لەلایەکەوە دەیهەوێ بە خەڵکی گوێلەمستی خۆی بڵێ کە کوردستان قوڵایی ستراتیژیکی ئێمەیە، لەلایەکی ترەوە پێیان بڵێ کە ئێمە وەها قارەمانێکین کە کوردی هاوپەیمانی ئامریکا لە کاتی تەنگانەدا بە جێ ناهێڵین چونکە برای چووکەمانن، لەولاشەوە پێیان بڵێ ئەوەتا کورد نەیانتوانیوە و ناتوانن تەنانەت پێتەختەکەیان بپارێزن و ئەوەتا ڕوویان لە ئێمە خستەوە تا دەستیان بگرین و بیانپارێزین دەنا ئێستە هەولێرەکەشیان لە کیس چبوو! ڕوو لە کوردیش بڵێ من هەر برا گەورەتانم و ئەگەر جاروبارێک پشتم تێدەکەن ئەوا من هەر لە پشتتانم! باسکردن لەسەر ئەم مژارە کاتهەڵگرە و لێرەدا نامانهەوێ شڕۆڤەی هەموو سووچەکانی بکەین بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا ئاماژە بە نووسینێکی بەڕێز "سیروان حسەین"، یەکێک لە فەرماندەرانی کورد لە شەڕ دژ بە داعش دەکەین کە هەندێ ڕاستی و کەتوار لەسەر نەخشی ڕێژیم لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو و دەڵێ:

"درووستکردنی فلیمێک لەلایەن دەزگا ھەواڵگرییەکانی ئێران و بە مەبەستی ناشرینکردنی پێشمەرگە، کارێکی پێشبینیکراو بوو، ھەڵبەت بەم جۆرە کارانە، ئێران ناتوانێ گومانی ھەبونی دەستی ڕەشیان لە دامەزراندنی داعش و ناشرینکردنی سووننە لە مێشکمان بشواتەوە، بەندە جگە لەوەی لە ڕۆژی یەکەمەوە تا دواڕۆژ بەشداری ئەو شەڕە بووم، لەلایەکی دیکە کۆکەرەوەی بەڵگە و ھەڵسەنگاندنیشم دەکرد، بۆ ئەو مەبەستە کتێبێک دەخەمە بەردەست و چاوتان پڕ لەبەڵگە، جا ئێوە ئەوکات بە تەرازوی ویژدانتان، کێشانەی ڕۆڵی ئێران بکەن. پلانی دروستکردنی (دوژمنێک بۆ نەیارەکەت) لای ئێمە ڕوونە کە ئێران ھەمیشە سەرقاڵی بووە، ھەڵبەتە ناڵێم کە لە سەداسەد، داعش دروستکراوی ئێران بووە، بەڵام ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی بەکار ھێنا. ھێنانی داعش بە ڕێگەخۆشکردنی (نوری مالکی) و چەند فەرماندەیەکی عێراقی شیعە بە درێژایی ھەزاروسەد کیلۆمەتری خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە مەبەست لێی بەستنەوە و تەواوکردنی (ھیلالی شیعی ) بوو. پاشان پێم بڵێن داعش جگە لەو ناوچانەی کە سوننەنشین بوون و نەیاری ئێران بوون، پێم بڵێن ھێرشی بۆ کام ناوچەی شیعە برد؟ لەبیرمە سەرەتای شەڕی داعش، لە ناوچەکانی (جەلەولاو سەعدیە) بووین، داعش لەنێوان ئێمەو سوپای عێراق بوون، ڕۆژانە چەندین ھێرش دەکرایە سەرئێمە و بەپێچەوانەوە، تەنھا یەک ھێرشیان نەدەکردە سەر سپای عێراق، بە جۆرێک بەدرێژایی چوار ساڵ، نزیکەی نۆ ھەزار ھێرش کرایە سەر پێشمەرگە و سەنگەرەکانمان، تەنھا یەک ھێرش بە ئاراستەی عێراق نەکرا!

دەزانن بۆ؟ چونکە ئەو ناوچانەی ئێمەی لێ بوین، لەسەرھێڵی ھیلالی شیعی بوون، لەسەر ئەم بابەتە زۆرشتی دیکەش ھەیە ناوترێن، چونکە نھێنی و ھەستیارن، بەڵام لە ڕۆژی خۆیدا، وەک پێشینییان دەڵێن، دەمم دەکەمە دەھۆڵ و بۆیان دەکوتم."

دواتریش باس لەو هاوکارییە دەکات کە ڕێژیم ئیدیعای بۆ دەکات و دەڵێ:

"ئێران ژمارەیەکی کەم و دیارکراو، چەک و تەقەمەنی دایە ھێزی پێشمەرگە، بەڵام ئێران وەنەبێ لە خەمخۆری چەکی دابێتە ئێمە، بەڵکوو

١_ بۆ ئەوە بوو فۆکسەکە لە ھەبوونی دەستی خۆی لادا

٢_ وەک پیلان، دەیویست لەو ڕێگەوە سپای قودس بێنێتە ھەرێمی کوردستان، بەناوی ھاوکارییەوە.

بەڵام ھەر زوو ھەستمان بەو پیلانە کرد، ئەوە بوو ئێران کاتێک گەیشتە ئەو قەناعەتە و بێ ئومێد بوو لەوەیکە سوپای قودس ڕاکێشێتە کوردستان، ھەستا بە جێبەجێکردنی پلانی دووھەم، کە دروستکردنی( حەشدی شەعبی) بوو، وەک جێگرەوەی سوپای پاسداران و بڵاوەپێکردنیان لە سەر ھێڵی( ھیلالی شیعی) .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.