کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوپاسنامە بۆ هاوسۆزی تاک و لایەنەکان، لەمەڕ هیرشی ئەم دواییانە بۆ سەر حیزبی دێموکرات

15:18 - 18 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی سوپاسنامەیەک، هاوخەمی و هاوسۆزی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە پاش هێرش بۆ سەر کەمپی ئازادیی حیزب، لەگەڵ کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بە دەرکردنی بەیانییە ئەو کردەوەیان مەحکووم کردبوو.

دەقی ئەم سوپاسنامەیە بەم چەشنەیە:

بە دوای رووداوی رۆژی سێشەممە ١٢/١٢/١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٣/٣/٢٠١٥ی زایینی ‌و هێرشكردنە سەر كەمپی بنەماڵەكانی حیزب لەلایەن چەند كەسێك لە پۆلیس ‌و ئاسایشی شاری كۆیە‌وە ‌و پێشێلكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ ‌و بێرێزی كردن بە كۆمەڵە كەسێك لەو كەمپەدا، زۆربەی حیزب ‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردی بەشە جیاجیاكان، كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكانی كورد بە دەركردنی بەیاننامەی فەرمی ‌و پێوەندی تەلەفوونی ‌و سەردان لە بنكەكان ‌و نوێنەرایەتییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، نیگەرانی ‌و پەرۆش بوونی خۆیانیان لەو كردەوەیە دەربڕیوە و ئەو هێرشەیان مەحكووم كردووە ‌و هاودەردی خۆیانیان لەگەڵ بنەماڵەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەربڕیوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا لێژنەی مافی مرۆڤی پارلمانی هەرێمی كوردستان بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی رووداوەكە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزب لە كۆیە، بنەماڵە ‌و ئەو كەسانەیان كرد كە لەو رووداوەدا كەوتبوونە بەر هێرش ‌و ئیهانەكردن.

بەم بۆنەوە، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت سوپاسی هەموو ئەو لایەن ‌و كەسایەتییە بەڕێزانە بكات كە بە دەربڕینی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە ‌و نیشتمانپەروەرانەیان لەگەڵ حیزبی دێموكرات ‌و ئەو بنەماڵە ‌و كەسانەی كە بە ناڕەوا كەوتوونەتە بەر هێرش‌ و سووكایەتی پێكردن، هاوسۆزییان کردووە.

جارێكی دیكە پێداگریی خۆمان بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوە ‌و بەسزا گەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەو كردەوە نایاساییە لە رێگەی یاساییەوە دەردەبڕین ‌و هیوادارین رەوتی ئەو لێپرسینەوە بەدوور لە دەست تێوەردانی سیاسی ‌و حیزبی بچێتە پێش ‌و ببێتە هۆی ئەوەی کە جارێكی دیكە رووداوی لەم چەشنە دووپات نەكرێتەوە.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
سكرتاریا
١٨ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی
٨ی مارسی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی