کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ چاوپێکەتنی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە نوێنەری پەیوەندییەکانی حیزبی چەپی ئەو وڵاتە

20:04 - 25 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: حەمید تەیمووری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ نوێنەری پەیوەندییەکانی حیزبی چەپی سوید چاوپێکەوتنیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حەمید تەیمووری، بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەلومەرجی کوردستان چاویان بە نوێنەری پەیوەندییەکانی حیزبی چەپی سوید، هانس لیندە (Hans Lindé) لە پارلەمانی ئەو وڵاتە کەوت.

تەیمووری سەرەتا باسی هەلومەرجی کوردستانی ئێران، ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لێکدانەوکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر کێشە و گرفتەکانی ناوچە و بەتایبەتی لە سەر رێژیمی ئیسلامیی ئێران و نانەوەی ئاژاوە لە وڵاتانی دەوروبەر، کوشتن و گرتنی چالاکوانانی مەدەنی و ئەشکەنجەدانی زیندانیان کە لە ژینگەیەکی زۆر خەراپدا ژیان تێپەڕ دەکەن و هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی زیندان و ئیتلاعات لەگەڵ زیندانییان.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە درێژەدا رایگەیاند: زیاتر لە ٤٠ زیندانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی شاری ئورمیە مانیان لە خواردن گرت و ئەو مانگرتنەش پەرەی سەند بۆ زیندانەکانیتری رێژیم لە ئێراندا، هەرچەند چەند زیندانییەکی مانگرتوو لە حەوتووی رابردوودا ئیعدام کران و لە سێدارەدان هەر بەردەوامە و بەجۆرێک کە لە ماوەی حەوتوویەکدا ٣٠ زیندانی لە ئێران و کوردستان لە سێدارە دران.

تەیمووری ئاماژەی بەوە کرد: پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بە چەشنێکە کە وڵاتان و رێکخراوە مەدەنیەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆف پشت گوێیان خستووە.

بە هۆی دانوستان لەگەڵ رێژیمی ئێران لەسەر مەسەلەی چەکی ئەتۆمی، هەرچەند حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژە ئەوەی راگەیاندووە کە رێژیمی ئاخوندی خەریکی کات کوشتنە و هەر جارێک بە بیانوویەک کێشەی ئەتۆمی و دانوستانەکان وەدوا دەخات و بە جۆرێک خۆیان نیشان دەدەن کە تەسلیمی وڵاتانی رۆژئاوا و ئامریکا نابن.

ناوبراو وتی: لە لایەکی دیکەشەوە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران کاریگەریان لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دانەوە و خەڵک وەزاڵە هاوتوون و کەلوپەلی خواردن چەند قات گران بووە و نیوەی خەڵکی ئێران بە هەژاری دەژین و توانای کڕینی کەرەستەی ژیانی رۆژانەیان نیە، سەرەڕای ئەمانەش نەوت لە دابەزیندایە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە ژێر ٥٠ دولار و ئەمەش لە خۆیدا قەیرانی رێژیم زەقتر دەکاتەوە و رێژیم زیاتر گوشار دەخاتە سەر خەڵک.

تەیمووری باسی ئەوەی کرد: کوردستان بەتوندی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیتڵاعات و سپای رێژیم دایە و کوشتنی کۆڵبەرانی کورد، کۆنەکردنەوەی مینە چێندراوەکانی ناوچە سنووریەکان کە رۆژانە چەندین هاووڵاتیی کورد دەبنە قوربانی، نانەوەی ئاژاوە لە نێوان نەتەوەکانی ئێران بەرنامەی رێژیمە و ناوە کوردیەکان لە سەر بازاڕ و دوکانی کاسبکاران قەدەغە دەکا و تەنانەت ناوە کوردیەکان دەسڕێتەوە و ئازەریەکان هان دەدەن کە ماڵ و مڵک بە خەڵکی کورد مەفرۆشن.

نوێنەری حیزبی دێموکرات جەختی کردەوە: کوژران و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستان وەک کاسبکارانی کورد، خوێندکاران و چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی ئێران،توندوتیژی دژی ژنانی کورد بەردەوامە، ئەوەش دەتوانین ناوی بنێن تێرۆری بێدەنگی کە ئەویش دەست و پەیوەندییەکانی رێژیم بە تاوانی جۆراوجۆرئەسید دەپڕژێنێنە رووی ژنان.

تەیمووری باسی لە دەستێوەردانی رێژیم لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە مەبەستی شەڕ دژی داعش، هێزەکانی رێژیم لە جەلەولا و کفری و دەورووبەری کەرکوک جێگیر کراون کە تێکەڵن لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی وەک بەدر و رێکخراوی خۆراسان و سپای قودس.

تەیمووری لە درێژەی سەردانەکەیدا وتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەترسی ئەوە پێش‌بینی دەکا کە ئەم هێزانە ئاژاوە بنێنەوە لە کوردستان و گوشار بۆ سەر حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی ئێران کە لە باشوری کوردستان جێگیر کراون بێنن، رەنگە ئەم هێزانە دەست بدەنە کوشتار لە کوردستاندا.

هەروەها نوێنەری حیزب باسی لەوە کرد کە ناردنی هێز بۆ سووریە و لوبنان و عێراق شاروە نیە و رێژیم دەیهەوێ بەم کارانەی کێشەکانی ناوخۆی خۆی بخاتە وڵاتانی دراوسێ و وا پیشان بدا کە هێزێکی کاریگەرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی رۆژئاوا و ئامریکا لە معادلاتی سیاسیی ناوچەکە.

تەیمووری لە درێژەدا وتی: رێکخراوی تێرۆریستی داعش کە گەلی کوردی تووشی شەڕێکی نامرۆڤانە و نادادپەروەرانە کردووەو رۆژ نیە پێشمەرگەی کورد بەدەستی ئەم تێروریستانەوە شەهید نەبن؛ هەرچەند لەم شەڕەدا زۆرینەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی لە کورد دەکەن.

ناوبراو جەختی کردەوە ئێمە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەر کامەیان داعشێکن بۆ خەڵکی کورد و رێژیمی ئێران لە سەرووی هەموویانەوە گەورەترین تێرۆریستی ناوچەکەیە و لە هیچ کوشتن و ڕەشە کوژیەک دریغ ناکا دژ بە گەلی کورد لە کوردستان و بەتایبەتی کوردستانی ئێران.

تەیمووری باسی لە تێرۆری شاری پاریس دژی گۆڤاری شارلی ئێبدو و بارمتە گرتنی کۆمەڵیک خەڵک لە دوکانێکی جوولەکە لەو شارە کە نیزیکەی ٢٠ کەسی تێدا کوژرا، کرد.

پاشان هانس ئەمە بە کێشەیەکی جیهانی دەزانێ و دەڵێ ئەوە دوێنە لە فەرانسە ڕووی دا رەنگە سبەی لە وڵاتێکی تری ئورووپایی بێ و مەترسیەکی زۆر جیددییە.

هانس وتی حیزبی چەپ لەگەڵ بۆچوون و بیروباوەڕی ئێوە دان و هیوادارین کورد لە خەباتی دا سەرکەوتن بەدەست بێنێ، زۆر بە باشی دەزانین کە ئێران لە ناوچەکەدا خەرێکی ئاژاوەگێڕیە و بە هەموو شێوەیەک تێدەکۆشی خەڵک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
ناوبراو باسی ئەوەی کرد کە لەم رۆژانەدا کۆمەڵیک وێنەیان پێێ نیشان داوە لە گۆلی ئورمیە کە ئەو گۆلە خەریکە لە ناو دەچێت کە چی رێژیمی ئێران لە باتی چارەسەرکردنی ئە کێشەیە چەک بۆ وڵاتانی دراوسێ و تێرۆریستان دەنێرێت.

هانس لە درێژەدا وتی رێژیمی ئێران بە جێگای ئەوەیکە تێبکۆشی کێشەی نەتەوەکانی ئێران بە هەموو پێکهاتە مەزهەبی و کولتوری و فەرهەنگیەکان یان کەمینە مەزهەبیەکان چارەسەر بکا خەرێکی وەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی و ئاژاوەنانەوەیە لە وڵاتانی دەروسێ و ئافریقا و تەنانەت ئورووپاش.

تەیمووری لە درێژەی چاوپیکەوتنەکەدا وتی : ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێمان راگەیاندن کە کورد پێویستی بە پشتیوانی هەموو حیزب و رێکخراوە و وڵاتە دێموکرات و ئازادیخوازەکانە کە پشتیوانی خەباتی رەوای گەلی کورد بن و چاوەڕوانیمان لە حیزبی چەپ ئەوەیە کە پرسی کورد هەم وەک بەرنامەی کاری خۆیان و هەم لە پارلەمانی سوید و بەرە و پارلەمانی ئورووپاش بەرز بکەنەوە و بیکەنە دەستووری کاری خۆیان.

هانس ئەوەی باس کرد کە ئەوان هەردەم ئەو کارەیان کردووە و درێژەش بەو کار دەدەن هەتا سەرکەوتن.

لە درێژەدا هەر دوو لایەن جەختیان لەسەر پەیوەنییەکان کردەوە.