کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکان سەردانی پارتی دێموکراتی کوردستانیان کرد

16:59 - 28 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: شاندی هاوبەشی کۆمیتەی هاوکای و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەستوکهۆڵم لەسەردانێکدا وێڕای پیرۆزبایی ١٦ی ئاب ساڵڕۆژی دامەرزاندنی پارتی دێموکراتی کوردستان لەو حیزبە، هیواشیان خواست کە لەراستای خزمەتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا درێژە بە پێوەندییەکانیان بدەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٤ ، شاندێکی هاوبەشی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان و کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، بە بۆنەی ١٦ی ئاب، ٦٩ـەمین ساڵیادی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان ــ عێراق سەردانی لێژنەی ئەو پارتەیان لە شاری ستۆکهۆڵم کرد و لەگەڵ پێشکەش کردنی چەپکەگوڵ ئەو یادە مێژووییەیان لە بەرپرسان و ئەندامانی ئەو حیزبە پیرۆزبایی کرد.

لەو سەردانەدا، شاندی هاوبەشی کۆمیتەی هاوکاری و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات پەیامێکیان پێشکەش بەرپرسانی لێژنەی پارتی دێموکراتی کوردستانــ عێراق کرد و لە پەیامەکەیاندا وێڕای دەربڕینی پیرۆزبایی ئەو رۆژە مێژوییە هیوایان خواستووە کە لە راستای خزمەتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا درێژە بە پێوەندییەکانیان بدەن و هەروەها جێگە و پێگەی پارتی دێموکراتی کوردستانیان لە رابردوو و ئێستای گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و عێراقدا بەرز نرخاند.