کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاس و پێزانینی دەزگای ڕێکخستن لە خەڵكی کوردستان

11:18 - 4 رەشەمه 2719

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی سەرکەوتنی بایکۆت لە ڕۆژهەڵات، سڵاوێکی شۆڕشگێڕانەی پێشکەش بە خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سڵاوی شۆڕش و ڕاسانی ئەمجارەتان پێشکەش!

بە پێویستی دەزانین سپاس لە زەحمەت و ماندووبوونتان بکەین لە کاری تەبلیغیی بەردەوام و تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەتان لەمەڕ بایکۆتی یازدەیەمین شانۆی ھەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیم و پاشانیش لە ھەڵوێستیکی لێبڕاوانەدا بە نەچوونتان بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان نیشانتان دا کە پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات قۆناغێکی دیکەی لە سەرکەوتن بڕیوە و ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژیمتان دوای ٤٠ ساڵ لە چەواشەکاری و ناڕاستی وەک خۆی ناسیوە.

ئەو ھەڵوێستە بەجێیەی ناوەندی ھاوکاری بۆ بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان و پشتیوانیی بێدرێغی ئیوە بوو بە مایەی خۆشحاڵیی سەرجەم خەڵکی کوردستان.

نە بەناو نوێنەرانی خولەکانی پێشوو توانیویانە یەکێک لە ھەزاران گرفت و ماڵوێرانیی خەڵكی کوردستان کەم بکەنەوە، نە ئەو بەناو نوێنەرانەش دەتوانن تۆزقاڵێک لە خەم و ئازارو سەرکوتەکانی سەر ئیوە لادەن.

ئیوە بەو ھەڵوێستەتان نیشانتان دا، ڕێژیمێک کە کاری سەرکوت، گرتن، ئێعدام و ماڵویرانکردنە، تەنیا وڵامی شیاو، بایکۆتی یەکدەنگ و جوابی دروستی ئێوە بوو.

ھەر وەک ڕێبەری شەهیدمان دوکتور قاسملوو لە وتەکانیدا دەڵێت: "ڕێگای سێیەممان نییە، یان لەگەڵ خەڵکی یان دژی خەڵک".

سپاس و پێزانین بۆ سەرجەم ئیوە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی