کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر ڕوو لە خەڵكی کوردستان

11:37 - 27 خاکەلێوه 2721

بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر ڕوو لە خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات سپاسنامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:

کوردستانییانی خۆشەویست!

خەڵکی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕی کوردستان!

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کەسایەتییە ئایینی، فەرهەنگی و سیاسییەکان، نووسەران و ڕۆشنبیرانی دەروەستی گەلەکەمان!

ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوخۆی وڵات!

پێشمەرگەکانی شاخ و شار، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات!

دۆستان، ئاشنایان و خزمانی ئازیز!

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە کۆچی ناوادەی شەهید لوقمان مێهفەر ئێمەی هاوشانی ئێوە، تێکڕای چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان داخدار کرد. کۆستی ئەم لەدەستدانە قورساییەکی زۆری خستە سەر شانی ئێمە، لەدەستدانی ڕۆڵەیەکی بەوەفای ڕێبازی شەهیدان و ڕێبوارێکی ماندوویی‌نەناسی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان، خەسارێکی گەورە بۆ نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵات بەگشتی و حیزبەکەمان بەتایبەتی بوو.

شەهید لوقمان مێهفەر خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو کە لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵ خەباتی بێوچان و پڕ هەوراز و نشێودا ڕۆڵێکی کارای لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەیدا گێڕا. خەباتکارێکی سەرسەختی ڕێبازی کوردایەتی و دێموکرات بوو کە سادقانە و ڕاستگۆیانە، دڵسۆزانە و لەخۆبوردووانە، بە وریایی سەربازی و هۆشیاریی سیاسییەوە توانی ئاڵای شۆڕشی ڕۆژهەڵات شەکاوە ڕابگرێت و کاروانی ڕێبوارانی ڕێبازی دێموکرات ئاوەدانتر بکاتەوە.

شەهید لوقمان لە پانزدە ساڵیدا و لە ڕێگەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد و تا دوا وێستگەی خەباتی کە ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو زۆر بەرپرسایەتی و ئەرکی جیاوازی بەلێوەشاوەییەوە بەڕێوە برد. لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکانەدا وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان، شێلگیر لە باوەڕ و ماندوویی‌نەناسەنە لە کار و تێکۆشاندا بەوپەڕی تواناوە لە خزمەتی حیزبەکەیدا بوو.

ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر، کە پێمان وابوو ئاوا بە ئاسانی لەژێر باری ئەو کۆستەدا ڕاست نابینەوە، شەپۆلی بەرینی هاوخەمی و هاوسۆزیی ئێوە، خەمباری و دڵنەوایی ئێوە، لافاوی ئەسرین و زەریای وشە و وتە پڕ لە هەست و سۆزەکانتان، باری قورسی خەمی لەسەر شان ڕاماڵین و سوکناییتان بە دڵ و دەروونمان  بەخشی.

ئەو هاوخەمی و خەمبارییەی ئێوە نیشانی دا کە شەهید لوقمان موڵکی نەتەوەکەیەتی و ئەوە خەڵکی کوردستانە کە خاوەنداریەتیی لێ دەکات. هەر بۆیە ئیمە وەک بنەماڵەی شەهید لوقمان وێڕای سپاسێکی گەرم بۆ ئەو هەموو هاوخەمییە هەست بە شانازی دەکەین کە ئێوەمان لەنێو خۆماندا دیت و هاوخەمیتان لەگەڵ دەربڕین.

هاوکات ئەو هاوخەمییە بەرپرسایەتیی ئێمەی لە بەرامبەر دۆزی نەتەوەکەمان و خەباتی حیزبەکەمان دوو ئەوەندە قورستر کردووە، هەر بۆیەش پەیمان نوێ دەکەینەوە کە درێژدەری ڕێبازی شەهید لوقمان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی نەتەوەی کورد بین.

جارێکی دیکە سپاسی بێ پایانی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو هاوخەمییانە دەکەین کە بە شێوەی جیاواز لە نێوخۆی وڵاتەوە لە ڕۆژهەڵاتی تینووی ئازادی، لە باشوری کوردستان و لە تاراوگەوە بە دەستمان گەیشتوون.

ڕۆحی شەهید لوقمان و هەموو شەهیدانی کوردستان شاد

ڕێگەیان پڕڕێبوار بێت

بە سپاسەوە

بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر

٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٥ی ئاوریلی ٢٠٢١ی زایینی