کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات

18:37 - 19 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیندراوێکی هاوبەشدا، بە هۆی پشتیوانی لە کۆبانێ، سپاسی هاووڵاتییانی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتیان کرد.

دەقی راگەیندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان!

لە چەند رۆژی رابردوودا ئێوە خەڵكی تێكۆشەر و خەباتگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە خۆڕاگریی خەڵكی گەمارۆدراوی كۆبانێ هاتنە سەر شەقامەكان و بە باشترین شێوە بەشداریتان كرد و پشتیوانی خۆتان دەربڕی.

گەرچی كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی زۆری‌ دا لەو خۆپیشاندانە بە قازانجی رێژیمەكەی كەڵك وەر بگرێ بەڵام وریایی ئێوە كۆمەڵانی خەڵك خەونەكانی رێژیمی بەتاڵ كرد و ئاواتەكانی بۆ بەدی نەهات. ئێوە بە دروشمی نەتەوەیی، ئازادیخوازی و دژی كۆنەپەرەستی بە پشتیوانی لێبڕاوانەتان لە خەڵكی كۆبانێ خۆپیشاندانەكانتان وەك پێویست بەڕێوە برد.

ئێوە زۆر جار نیشانتان داوە لە دۆخە هەستیارەكاندا پاڵپشتی شێلگیر و لێبڕاوی تێكۆشەرانی رێگای رزگاری نەتەوەكەتانن.
بەم بۆنەوە لەلایەن هەموو رێزەكانی دێموكرات و كۆمەڵەوە سپاس و پێزانین دەنێرین بۆ ئیرادەی خەباتگێڕانەتان.
سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردە.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٩ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی
١١ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٤ی زایینی