ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەبابەت بەڕێوەچوونی بە شکۆی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، سپاسنامەیەکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.
دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییانی خۆشەویست، خەڵکی بە هەڵوێستی کوردستان!
جارێکی دیکە و لە نەورۆزی ئەمساڵدا شکۆمەندیی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لەلایەن ئێوەی خۆشەویست و بەشداریی گەرموگوڕتان لەو ڕێوڕەسمانە، مانایەکی دیکەی بە نەورۆزی ئەمساڵ بەخشی. بۆیە جێی خۆیەتی پڕبەدڵ سپاس و ڕێزی بێ پایانی خۆمانتان پێشکەش بکەین و بڵێین نەتەوەیەک کە ئێوە تێکۆشەر و خەمخۆری بن لە بەرانبەر هیچ دەسەڵات و حکوومەتێکدا دەستەوەستان نابێت و تەسلیمی ویستی هیچ دیکتاتۆرێک نابێت.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەمساڵیش بە نەریتی ساڵانەی خۆی پێش هاتنی نەورۆز لە ڕێگای دامودەزگا ئەمنییەتییەکانیەوە دەستی دایە هەڕەشە و گوڕەشە و و بانگکردن و لێپێچینەوە لە چالاکانی مەدەنی و لاوانی نیشتمانپەروەر و هەڕەشەی ئەوەی لێکردن کە نابێ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز وەکوو ساڵانی پێشوو بەڕێوە بچێت و تەنانەت لە هەندێک شوێن هەڕەشەی کردبوو کە نابێ جلوبەرگی کوردی لەبەر بکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە هاوکات لەگەڵ ئەو فشارانە، لە ڕێگای چەند کەسێکی گوێڕایەڵی خۆیەوە ویستی بە خەڵک بڵێ کە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان دژی ئایینی ئیسلامە و بەڵكوو بکرێت لەو ڕێگایەشەوە پێشی پێ بگرێت، بەڵام بە پێچەوانەی ویستی ڕێژیم هەمووان ئاکامی ئەو سیاسەتە شکستخواردووەی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامیمان بینی و دیتمان کە ئەوساڵ چەندە بە جۆش و خرۆشێکی زیاترەوە ئاوری نەورۆز لە سەرتاسەری کوردستان هەڵ کرا و دیتمان کە خەڵک چەند بە حەماسەت و شکۆوە بەشداریی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانیان کرد.
ڕێژیم کە ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ سیاسەتی هەڕەشە و فریو بەدی نەدەکرد، لەلایەکی دیکەوە پیلان و پلانی ئەوەی هەبوو کە ئەمساڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و ئەوەندەی بۆی بکرێت لە مانای خۆی بەتاڵی بکات و لەولاشەوە بە دنیای دەرەوە بڵێت کە لە کوردستان نەورۆز بە ئازادانە دەگیرێت بەڵام شکۆی نەورۆزی خەڵک و ڕێوڕەسمەکانی خەڵکی کوردستان ئەو سیاسەتەی ڕێژیمی کردە بڵقی سەر ئاو.
ناوندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە تەواوی هەستیان بە شکستی سەرشۆڕانەی خۆیان دەکرد، هەر ڕۆژی نەورۆز و دواتر دەستیان دایە گرتن و دەسبەسەرکردنی خەڵکی کوردستان و دەیان کەس لە چالاکان و لاوانی نیشتمانپەروەر و تەنانەت چەندین کەسی بەساڵاچووشیان دەسبەسەر کرد.
هاونیشتمانییانی خۆشەویست جارێکی دیکە وێڕای سپاس و پیرۆزبایی دووبارەمان بەبۆنەی نەورۆز و سەرکەوتنی ئێوە لە بەرانبەر ڕێژیمدا، سەرنجی هەموو لایەک بۆ ئەو پەیامە بەهێزەی نەورۆزی ئەمساڵ ڕادەکێشین و پێداگری لەسەر دەکەینەوە کە گەلی ئێمە ئەمساڵ بە دروشمی یەکگرتوویی و یەکڕیزی ئەو سەرکەوتنە مەزنەی وەدەست هێنا، هەر بۆیە جەخت لەوە دەکەینەوە کە خەڵکی بە هەڵوێستی کوردستان و تێکۆشەرانی گەل پێویستە هەموومان ئەو دروشمە بکەینە مەشخەڵی ڕێگای خەباتمان و تا سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر داگیرکەرانی کوردستاندا دەست لە ناو دەست درێژە بە خەباتی خۆمان بدەین.
هیوای سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ هەموو لایەک
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی
٢٧ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی