کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تیرۆریستی پاسداران ئامادەکاری دەکات دەست بە سەر هەمووی ئێراندا بگرێت

19:02 - 9 خەرمانان 2720

بلاڤۆکی "فارێن ئەفایرز" (Foreign Affairs) بڵاوی کردووەتەوە نیشانەکان دەرخەری ئەوەن کە سەرکۆماری داهاتووی ڕێژیمی ئێران سەر بە ڕێکخراوی سپای پاسداران دەبێت و دەسەڵات سەرتاپا لەلایەن پیاوانی مەندیل بەسەر و چەکمەپۆشەوە قووت دەدرێت.

لە ئێستادا مەجلیسی ئێران، سەرۆکی مەجلیس، دوو لە سەر سێی هەیئەتی سەرۆکایەتی مەجلیس یا سەر بە سپا بوونە یا ئێستاش ئەندامی سپان و ئەوەش دەری دەخات سەرکۆماری دیکە سەر بە سپا دەبێت.

ئەو بلاڤۆکە بڵاوی کردووەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتێکی داڕاماوە کە سەرجەم ناوندەکانی بڕیار بە فەرمانی خامنەیی بەڕێوە دەچن. هاوکات ئیسلاح تەڵەبەکانیش تووشی شکست بوونە و خەریکە خۆیان لەگەڵ دەسەڵات تێکەڵ دەکەنەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ئێران بەرەو دەسەڵاتێکی نیزامی دەڕوات. خەڵک لە هەموو شتێک بێ هیوا بوونە و لە بواری نێودەوڵەتییەوە پێگەیان خەساری دیوە.

ئەو بلاڤۆکە بڵاوی کردووەتەوە، حەسەن ڕووحانیی سەرکۆمار، ناتوانێت هیچ کام لە وادەکان خۆی چ لە سیاسەتی نێوخۆیی و چ دەرەوە جێبەجێ بکات. نموونەی هەرە بەرچاو نەخۆشیی کۆرۆنایە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، سپای پاسداران خۆی وەکوو دەرمانێک بۆ ئێران دەزانێت؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە هیچ ڕاست نییە و تەنیا بەهرەبەرداری لە وڵات دەکات و پایەکانی گەشەی وڵات لاواز دەکات.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێکخراوی سپای پاسداران بە دروستکردنی فیلمی سینەمایی، دۆکیۆمێنت و فیلمی تێلڤیزیۆنی مێژووی بۆ خۆی دروست کردووە کە بۆ خەڵک شەڕی کردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕەفتار دەکات.

ئەو بلاڤۆکە بڵاوی کردووەتەوە چاوەڕوان دەکرێت سەرکۆماری داهاتووی ئێران هێز بە توندڕەوەکان بدات. ئیسلاح تەڵەبەکان پێگەی و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی خۆیان لە دەست داوە. ئەوەش وا دەکات سپا هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ بکات و تەنانەت بەوەش ڕازی نەبێت.