کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تیرۆریستی پاسداران لە نەغەدە پێش بە چالاکیی مەدەنیی خەڵک دەگرێت

17:34 - 7 خاکەلێوه 2720

سپای تیرۆریستی پاسداران لە نەغەدە گوشاریان بۆ خەڵک هێناوە کە دەبێ  لە ڕەزمایشی سپادا بەشداری بکەن.

''عەلی بورنا''، فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە نەغەدە، گوشاری خستووەتە سەر خاوەنی ئەو تراکتۆرانەی کە خەریکی سەمپاشیکردنی نێو شارن کە دەبێ لە ڕەزمایشی سپادا بەشداری بکەن.

سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری زۆر بۆ سەر خەڵک لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسداران، خەڵکی نەغەدە گوێیان بە گوشار و هەڕەشەکان نەداوە و ئەوە تووڕەیی ئەو فەرماندەی سپایەی لێکەوتووەتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران کە نەتەنیا هەر ڕێگرییان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکرد، بەڵکوو پێش بە چالاکیی ئەو چالاکوانانەش دەگرن کە هەموو هەوڵیان خستووەتە گڕ بۆ پێشگرتن بە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە سەردەشت هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران، بە  چالاکوانانی ئەو شارەیان ڕاگەیاندبوو کە دەبێ ئەو چالاکییانە بە ناوی سپاوە بکرێت.

تەنانەت سپای تێرۆریستی پاسداران کەلوپەلی ئەو چالاکوانانەیان زەوت کردبوو و هەڕەشەیان لێ کرابوو کە چیتر نابێ بە شێوەی خۆڕسک کار بکەن.