کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی قودس لە هەوڵی تێرۆرکردنی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە

13:03 - 14 جۆزەردان 2722

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، پیلانی تێرۆرکردنی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن یەکەی ٨٤٠ی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، ئاشکرا کرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، یەکەی ٨٤٠ی سپای تێرۆریستی قودس بە هاوکاری لەگەڵ چەند جاشی خەڵکی ورمێ، یەک لەوان ''مەنسور ڕەسووڵی و لوقمان ڕەسووڵی'' لە هەوڵی بەڕێوەبردنی پیلانی تێرۆرکردنی ''مستەفا هیجری'' لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و ''ڕۆستەم جەهانگیری'' بەرپرسی دەزگای چاوەدەێریی ئەو حیزبە بوونە.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد، لەنێو خاکی ئێراندا لێپرسینەوە لە ''مەنسوور ڕەسووڵی'' بەکرێگیراوی سپای پاسداران خەڵکی گوندی ''هاشم ئاباد'' سەر بە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ کراوە کە دانی بەوەدا ناوە کە پیلانی چەندین تێرۆری ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە بەڕێوە ببات.

سەرچاوەکانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ورمێ ڕایانگەیاندبوو کە لێپرسینەوە لە مەنسوور ڕەسووڵی، ٤ مانگ پێش لە میدیاییکردنی ئەو بابەتە لە ورمێ ئەنجام درابوو و ناوبراو هەروا لەژێر چاوەدێریی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماڵێکی ئەمن بەسەر دەبات.

یەکەی ٨٤٠ی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران بە شێوەی نهێنی دامەزراوە، ئەرکی ئەو لقەی سپای پاسداران بەرنامەداڕشتن و بەڕێوەبردنی هێرشی تێرۆریستی لە دەرەوەی ئێران دژی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژاواییە.

بەشێک لە پیلانەکانی ئەو یەکە تێرۆریستییەی سپای پاسداران لە سێ بەشی ''ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا"، "قەفقاز و ئاسیا" و هەروەها "ئورووپا و ئامریکا" دابەش کراوە و لە ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئەو یەکەیە ئاشکرا و پووچەڵ کراوە.