کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران بە چڕی چاوەدێریی چیاکانی کۆساڵان دەکات

13:07 - 30 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی و بەکرێگراوەکانی ڕێژیم، لە ترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە چڕوپڕی و لە ڕێگای ئاسمانەوە چاوەدێریی شاخەکانی کۆساڵان دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی کە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، بەردەوام لە ڕێگای بەکرێگیراوانی خۆیەوە سیخۆڕیان لە شوێنە جیاوازەکانی چیاکانی کۆساڵان داناوە، هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم باوەڕیان بە جاش و بەکرێگراوانی خۆیشیان نەماوە و لە ترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕێگای ئاسمان و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەلیکۆپترەوە بەردەوام بەسەر شاخەکانی کۆساڵاندا دەسووڕێنەوە و چاوەدێریی ناوچەکە دەکەن و بە مەبەستی کەڵکاژۆ وەرگرتنی ناوچەکە و پڕوپاگەندەکانی خۆیان، فیلمی ئەو ناوچانە هەڵ دەگرنەوە.

بەپێی هەوڵی گەیشتووە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام بە فڕۆکەی سیخۆڕیی بێفڕۆکەوان و هەلیکۆپتر بە سەر چیاکانی کۆساڵاندا و بەسەر ناوەچەی تری دەوروبەری شاری سەوڵاوادا دەسووڕێنەوە و چاوەدێریی ئەو ناوچانە دەکەن و هەتا ئێستاش ئەو کارەیان بەردەوامە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: جیا لەوەی کە ڕێژیم باوەڕی بە بەکرێگیراوانی خۆی لەو ناوچانەدا نەماوە، هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانیش ناوێرن لە ڕێگای زەوینییەوە لەو شاخانەدا بسووڕێنەوە، بۆیە لە ڕێگای ئاسمان و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەلیکۆپترەوە بە سەر چیای کۆساڵان و شاخەکانی تری دەروبەریدا دەسووڕێنەوە و بە وردی چاوەدێریی ئەو ناوچانە دەکەن، هاوکاتیش فیلم لە ناوچەکە و بەتایبەتی چیای کۆساڵان هەڵ دەگرنەوە و بە مەبەستی کەڵکاژۆ و پڕوپاگەندەی خۆیان کە نیشان بدەن ناوچەکە ئەمنە، بڵاوی دەکەنەوە.

لەم پەیوەندییەشدا، پێشتر ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاوی کردەوە، کە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە چیاکانی کۆساڵاندا خەریکی دانان و دروستکردنی بنکەی تێرۆریستیی نوێی خۆیانن و لەو شاخانەدا بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵی سووک و قورس، خەریکی لێدانی جادەن و لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی ئەو ناوچانەشدا بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە، کە ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ لە بەیتی ڕێبەریی ڕێژیمەوە هاتووە و هیچکەس مافی ناڕەزایەتیدەربڕینی نییە.