کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران، جارێکی تر هەڕەشەی لە ئامریکا و ئیسرائیل کردەوە

13:40 - 16 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: جێگری فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران، جارێکی تر، هەڕەشە بێبنەماکانی سپای ڕوو بە وڵاتانی ئامریکا و ئیسرائیل دەربڕییەوە.

ڕۆژی شەممە، ۱۵ی پووشپەڕ، تێرۆریست پاسدار "عەلی فەدەوی"، جێگری فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران، جارێکی تر هەڕەشە و گوڕەشە بێبنەماکانی ڕوو بە ئامریکا و ئیسرائیل، بەتایبەت هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەکە و ئاوەکانی کەنداو دەربڕییەوە و ڕایگەیاندووە: "هێزی ئێمە لە بەرپرچدانەوە تێپەڕ بووە، ئێمە لە هیچکام لە هێزە جیهانییەکان ترسمان نییە و ئەوە دوژمنانی ئێمەن کە دەبێ لە ئێمە بترسن و دەبێ بەرپرچی ئێمە بدەنەوە".

پاسدار "فەدەوی"، لە بەشێکی هەڕەشەکانیدا، وێڕای بانگەشەی چەواشەکارانەی بەهێزبوونی ڕێژیم و هێزی سەربازیی ئەو ڕێژیمە، وتوویەتی: "ئێمە توانایی ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین دوژمنی خۆمان، واتە ئامریکامان هەیە و لە شەڕەکاندا زانیمان کە هیچ هاوپەیمانێکی پێبەندبووی نییە و ئێمەش هیچ پاڵپشتێکی بەرفەراوانتر لە خەڵکی نیشتمانی خۆمانمان نییە".

ئەو پاسدارە تێرۆریستە، لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا ڕایگەیاندووە: "لە سپادا هیچکەس باوەڕ ناکات کە هێزی ئامریکا و توانایی دەریایی ئامریکا لە هی ئێران زۆرتر بێت. ئێمە ئامادەین پاپۆڕە سەربازییەکان و ناوە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئامریکا، بەو کۆگا تەقەمەنی و چەکانەی کە هەیەتی، لە ماوەی ۵۰ چرکەدا، واتە کەمتر لە یەک خولەکدا ببەینە ژێر ئاو و لەنێویان ببەین، هەر کام لەوانەش مووشەکێکی بەسە".

ناوبراو لە کۆتاییشدا، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، جارێکی تر هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتەی کرد.

پێشتریش تێرۆریست پاسدار "حەسەن سەلامی"، فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران، هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران خاڵپێکن و بەئاسانی دەتوانن هەر کەرەستەیەکی دەریایی سەربازیی ئامریکا بکاتە ئامانج.