کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران جارێکی تر هەڕەشەی لە ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستان کردەوە

11:01 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران، جارێکی تر هەڕەشە و گوڕەشەی ترسنۆکانە و بێکردەوەی لە ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، لە درێژەی هەڕەشە و گوڕەشە ترسنۆکانە و بێکردەوەکانی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت فەرماندەکانی سپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی پووشپەڕ، تێرۆریست پاسدار "غوڵامعەلی ڕەشید"، فرماندەی قەرارگای "خاتەمولئەنبیا"ـی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە سەردانێکدا بۆ سەکۆی ناوەند و پێکهاتە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران، جارێکی تر هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی و هێرشی مووشەکیی بۆ سەر وڵاتانی ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودیی کردەوە.

تێرۆریست پاسدار "غوڵامعەلی ڕەشید"، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە بۆ پێشگرتن لە شەڕ تەنیا قسە بەس نییە، لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە: "ئێمە لە ئێستادا، لە بەرئەنگاربوونەوەیەکی ڕێکارانەی ستراتیژیکدایەن لە بەرانبەر ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودیدا بۆ پاراستنی مانەوە، بەڕێوەبەری و بوونی خۆمان و هەروەها پێگە و هێزی خۆمان لە ناوچەکەدا."

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، زۆرترین ڕووی هەڕەشەکانی ڕوو بە ئامریکا بووە و لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وتوویەتی: "حکوومەتی ئامریکا دەبێ لە بەرامبەر هەر شێوە هەڵسوکەوتە هەڵەکانی لە ناوچەکەدا خۆی بپارێزێت و بەرانبەر بە هێزەکانی خۆی، بە بەرپرسیارەتییەوە هەڵسوکەوت بکات."

بەردەوامیی هەڕەشە بێکردەوەکانی بەرپرسان و کاربەدەستانی سیاسی و سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر ڕۆژاوا و بڕێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا، نیشانەی ترسی ئەو ڕێژیمەیە لە کۆتاییهاتن بە دەسەڵات و دیکتاتۆریەتیی خۆی و دەسدرێژییەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت لە بەرانبەر هێرشە چڕوپڕەکانی ئیسرائیل و هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئامریکادا.