کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران، خاکی هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکات

15:49 - 19 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران، خاکی هەرێمی کوردستانی داوەتە بەر تۆپ و کاتیووشا و زیانێکی زۆر بە باخ و مەزرا و ژیانی خەڵکی ناوچەکە گەیشتووە.

کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، سپای تێرۆریستی پاسداران، شاخ و بەرزاییەکانی سنووریی نێوان "پیرانشار" و "چۆمان" و هەروەها بەرزاییەکانی "سیدەکان" و "بەربەزینـ"ـی بەخەستی تۆپباران کرد.

ئەمڕۆ، کاتژمێر ١٢:١٠ خولەکی نیوەڕۆ، تۆبخانەی ڕێژیمی ئێران لە لای "دۆڵ مەیدانـ"ـەوە، بۆمبارانی دەڤەری سیدەکان، لە گوندەکانی: "بەربەزین، دێرێ، داسنیا، تەلان، بێ قەپوشک و دوستانا"ی کرد و لە ئەنجامدا و لە گوندی "دێڕێـ"دا، کچێکی ١٨ ساڵە بە ناوی "زەیتوون قادر" شەھید بووە و دوو برایشی بە ناوەکانی "سیروان قادر"، تەمەن ٢٣ ساڵ و "ئیسماعیل قادر"، ١٤ ساڵە، بەسەختی بریندار بوونە.

لەم تۆپباران و کاتیووشابارانەدا، خەسارێکی زۆر بەر ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە و ئاگری دارستان، ڕەز و پاوانی ئەو شاخانە، هەتا ئێستاش بەردەوامە.