ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەم دواییانەی ئامریکا سپای تێرۆریستی پاسدارانی هان داوە هەتا دۆسیەی ناوکی لەدەست دەوڵەتی "ڕووحانی" دەربهێنێت و بە شورای باڵای تەناهیی ڕێژیمی بدات.
حەوتوونامەی "سادق" ئۆرگانی ڕاگەیاندنە سیاسییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە ئاماژەدان بە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئامریکا، خوازیاری ڕاگواستنی دۆسیەی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانە لە دەستی دەوڵەت و وەزارەتی دەرەوە بۆ شورای باڵای تەناهی.
سپای پاسداران لەو حەوتوونامەیەدا نووسیویەتی: "ڕاگواستنی دۆسیەی وزەی ناوکی بە شورای باڵای تەناهی دەبێ لە ڕوانگەی ئەمنییەتی و بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە بێت و ئیزنی دانوستانی مووشەکی و ناوچەیی نەدەینە دانوستانکارانی بەرجام".
هەروەها لەو حەوتوونامەیەدا هاتووە: "دێموکراتەکانی ئامریکا پێیان وایە ئەگەر بیانهەوێت بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتننامەی بەرجام دەبێ ئێران ئیمتیازی زیاتر و نوێتر بداتە ئامریکا".
سپای تێرۆریستی پاسداران وتوویەتی: "دێموکراتەکان هاوپشکی تاوانی سەرەکیی هاتنەدەری ڕێککەوتننامەی بەرجامن".