کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران خۆی دەخزێنێتە نێو پیشەی ماشینسازییەوە

12:44 - 21 جۆزەردان 2720

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە هاوکاریی وەزارەتی پیشە، کۆمیتەیەکی هاوبەشی پێک هێناوە بۆ تێکەڵبوونی ئەو ناوەندە نیزامییەی ڕێژیم لەگەڵ پیشەی ماشینسازی لەو وڵاتەدا.

بەپێی ڕاپۆرتی خودی ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردان، "ئەمیرعەلی حاجیزادە"، فەرماندەی هەوافەزای سپای تێرۆریستی پاسداران، پاش کۆتاییهاتنی دانیشتنێک لەگەڵ بەڕێوبەری وەزارەتی پیشەی ئێران باسی لە پیکهاتنی کۆمیتەیەکی هاوبەش لەنێوان سپای تێرۆریستی پاسداران و وەزارەتی پیشەدا کردووە بۆ دەستێوەردانی ئەو ناوەندە نیزامییە لە پیشەی ماشینسازیدا.

"حاجیزادە" هەروەها وتوویەتی کە ئامانج لە پێکهینانی ئەو کۆمیتەیە، گواستنەوەی ئەزموونەکان و زانیارییەکانی سپای پاسداران لە بواری لێکۆڵینەوەییەوە بۆ ماشینسازەکانە.

لە بەرانبەردا "حوسێن مودەڕسی"، سەرپەرەستی وەزارەتی پیشە، پاش کۆتاییهاتنی ئەو چاوپێکەوتنە وتوویەتی کە لە تێکنۆلۆژی و کەرەستەکان لە بواری مووشەکیدا کە پەیوەندییان بە پیشەی ماشینسازییەوە هەیە کەڵک وەردەگرین.

سپای تیرۆریستی پاسداران تا ئیستا هیچ چالاکییەکی ڕاگەیەندراوی لە بواری ماشینسازیدا نەبووە، بەو حاڵەوە "مەنووچێهر مەنتقی"، بەڕێوبەری پێشووی شیرکەتی "ئێران خۆدرۆ"، لە سەرماوەزی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا ڕایگەیاندبوو کە پشکی شیرکەتەکانی "سایپا" و "ئێران خۆدرۆ" ڕادەستی "بونیادی تەعاوەنی سپا" دەکرێت.

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی ئەم دواییانەی خۆی لە دوو شیرکەتی ماشینسازیی "سایپا" و "ئێران خۆدرۆ" ڕایگەیاندووە کە دەستێوەردانەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەو شیرکەتانەدا بووەتە هۆی زۆربوونەوەی گەندەڵیی ماڵی و زەرەرمەندیی ئەو شیرکەتانە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی بەرهەمهێنەرانی کەلوپەلەکانی هاتوچۆ، بەرهەمهێنانی ماشین لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٩دا بەنیسبەت ساڵی پێشوو ٢٥ لەسەد دابەزیوە کە گەیشتووەتە ٨٢١ هەزار دەزگا ماشین؛ لەو ڕێژەیە ٧٧٠ هەزار دەزگا ماشینی سواری بووە.