کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران خەریکی ئاژاوەگێڕی لە کوردستانه

12:10 - 1 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێروریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، وەک پیشەی هەمیشەییی خۆی لە هەوڵی ئاژاوەنانەوە لە نێوان خەڵکی کوردستاندایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی خۆیدا، ئەمجارە لە شاری کامیاران، بە بیانووی لەوەڕگەی بەهارییەوە ئاژاوەی خستووەتە نێوان ئاواییەکانی پاڵنگان، بزوەش، گازرخانی ، تەنگیوەر و وێزیەر کە سەربە ناوچەی ژاوەرۆی شاری کامیارانن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە: ڕێژیمی ئێران لە شاخی شاهۆ، کە لەوەڕگەی بەهاریی مەڕوماڵاتی زۆربەی ئاوایییەکانە، بە هاندانی هێندێ خەڵکی هەلپەرەست بۆ دژایەتیکردنی ئاوایییەکانی تر کێشەی خستووەتە  نێوانیانەوە  و خەریکی دروستکردنی ئاژاوە لە نێوان خەڵکی ئەو شوێنانەدایه.

ئەم سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە، کە خەڵکی ئەم ناوچەیە دەبێت، یەکڕیزی و یەکگرتووییی خۆیان زیاتر لە جاران بپارێزن و گوێ به پیلانەکانی سپای تێروریستی پاسداران نەدەدەن، تاکوو ڕێژیم بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی نەگات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگای سپای تێرۆریستییەوە، بەردەوام هەوڵی داوە لە نێوان خەڵکی کوردستان لە شار و ناوچە جیاوازەکاندا ئاڵۆزی و دووبەرەکی ساز بکات، تاکوو بەم شێوەیە سەرقاڵی پرسگەلێکی لاوەکیان بکات و لە پرسگەلێکی گرینگتر دووریان بکاتەوە.