کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران درێژە بە تاڵانی سەرچاوە سروشتییەکان دەدات

18:14 - 23 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران داوای بەشداریی زیاتری سپای تێرۆریستی پاسدارانی لە پیشەی ئاو و بەرق کردووە کە ئەمە ڕێگەپێدانی زیاتر بەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەیە بۆ دەستێوەردان لە هەموو بناغە سەرەکییەکانی ئابووری و پیشەیی کۆمەڵگادا.

"ڕەزا ئەردەکانییان"، وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران لە ١٣ـەهەمین هەمایەشی سەرتاسەریی بەرپرسانی قەرارگای "خاتەمولئەنبیا"، داوای لەو قەرارگایە کردووە، زیاتر لە جاران و ئەمجار لە باری بەڕێوەبەریی بەکارهێنانی دوو وزەی ئاو و بەرقەوە، یارمەتیدەری ئەو وەزارەتخانەیە بێت.

ئەمە بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕێگە خۆش‌ کردنه بۆ دەستێوەردانی زیاتری ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەیە لە دوو ژێرخانی گرینگی ئەو وڵاتە کە ساڵانێکە ئەو پیشەیە لە دەستی سپای تێرۆریستی پاسداران و بەتایبەت  قەرارگای خاتەمولئەنبیادایە.

ئەو دەستێوەردانانەی سپای تیرۆریستی پاسداران، چ لە باری ژینگەییەوە و چ لە باری ئابوورییەوە وڵاتی ئێرانی بەرەو هەڵدێر بردووە.

دوکتور "مەنسوور سۆهرابی"، لێکۆڵەری بواری ژینگە، لە وتووێژێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد: "لە ڕاستیدا سپای تێرۆریستی پاسداران، براوەی سەرەکیی فەزای تەحریمی ئابووریی وڵاتی ئێرانە و ئەوانە فەزای سیاسیی وڵاتی ئێرانیان بە ئاستیک گەیاندووە کە لە هەموو بوارێکەوە گەمارۆ بێت، بۆ ئەوەی کە سپا بتوانێت ئەو پرۆژانەی کە دەیانتوانی بیدەن بە شیرکەتگەلی نێودەوڵەتی و شێرکەتگەلێک کە کاری زۆر باشتر دەکەن و کەمترین خەسار بە ژینگە دەگەیەنن، وەری بگرێت".

لە بواری ژینگەییەوە بە پیشەی بەنداوسازی و دروستکردنی وزەخانەکان و تۆڕ و خەتی بۆڕییەکان، بووەتە هۆی لەنێوچوونی بەشێکی زۆر لە ناوچە دەست نەخواردووەکان و هەروەها تێکدانی جەو و ژینگە.

هەروەها لە بواری ئابووریشەوە، بە قەرزدارکردنی دەوڵەت خۆی بەسەر ئابووریی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە و دەوڵەتیش ئەو پرۆژە ئابوورییانە لە پێناو وەرگرتنی پشتگریی ئەمنییەتی و نیزامی ڕادەستی ئەو قەرارگایە و شیرکەتە ژێر کۆگاکانی دەکات.

ئەم کایە سیاسییەی ڕێژیمی ئێران لە ئەساسدا بۆ تەزریقکردنی پارەی زیاتر لە بەشی نیزامیدایە.