کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران دەستی بەسەر سەدان تۆن شەکردا گرتووە

12:55 - 1 جۆزەردان 2720

 سپای تێرۆریستی پاسداران لە کۆگاکانی خۆیدا بە سەدان تۆن شەکری ئەنبار کردووە و دەیهەوێت لە بازاڕی ڕەشدا بە خەڵکی هەژاری بفرۆشێت.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، سپای تێرۆریستی پاسداران چەندین کۆگای گەورەی لە شارەکانی ئێراندا هەیە کە بە هەزاران تۆن شەکری تێدایە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەکر بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە و لە توانای کڕینی خەڵکدا نەماوە.

پێشتر ''غوڵام حوسێن بەهمەنی''، سەرۆکی ئەنجومەنی کارفەرمایانی پاڵاوتنی شەکر ڕایگەیاندبوو، نرخی هەر کیلۆ شەکری پاڵێوراو ٦ هەزار و ٥٠٠ تمەنە؛ ئەمە لە حاڵیکدایە کە پێشتر هەر کیلۆ شەکر بە ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەن بووە.

هۆی گرانی و چوونە سەرەوەی نرخی شەکر دەگەڕێتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی لە کۆگاکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و هۆی دیکەی ئەوەیە ساڵانە ئێران خۆی بە ڕادەیەکی زۆر شەکر بەرهەم دێنێت، بەڵام سەرەڕای بوونی شەکری نێوخۆیی، لە وڵاتانی دیکەوە بە نرخێکی زیاترەوە شەکر هاوردە دەکات و لە هەر دوو حاڵەتدا مافیاکانی سپای تێرۆریستی پاسداران قازانجێکی زۆری لێ دەبەن و خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی ئێرانیش توانای کڕینیان نەماوە.