کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران لە سنووری مەریواندا هێرشی کردە سەر کۆڵبەران

11:18 - 6 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سنووری مەریواندا، هێرشیان کردووەتە سەر کۆڵبەران و بارەکانیانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، سپای تێرۆریستی پاسداران بە هێرشکردنە سەر کۆڵبەران، باری هەندێک لە کۆڵبەرانیانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

یەکێک لە کۆڵبەران لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاند: "سپای تێرۆریستی پاسداران، هێرشیان کردە سەر کۆڵبەران و ئەو بارگەلەی کە نرخیان گرانتر بوو، لەگەڵ خۆیان بردیان".

ئەم کۆڵبەرە هەروەها وتی: "هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، هەندێک لە بارەکانیشیان لەوێ سووتاند و زیاتر لە دە دانە تەلەفزیۆنیان بە پا شکاند و لە شاخەکان بەریان دایەوە".

لە درێژەشدا زیادی کرد: "جگە لە دزین و شکاندن و سووتاندنی بارەکان، بێڕێزی و سووکایەتیشیان بە کۆڵبەران کرد و کۆمەڵێک کۆڵبەریشیان بریندار کرد".

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی ساڵی ٩٧دا، ٧٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٨٣ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون و ٣ کۆڵبەریش بێسەروشوێنن. هەروەها ئەم ئامارە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٦ی هەتاویدا زیادی کردووە و لە سەرەتای ساڵی ٩٨یشەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون.

جێگای باسە کە زۆربەی ئەم کوشتن و بریندارکردنانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بووە.