کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران لە پیرانشار دەستی بەسەر مەڕوماڵاتی خەڵکدا گرتووە

12:58 - 25 پووشپەڕ 2720

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار مەڕوماڵاتی خەڵکی بە کاڵای قاچاخ لەقەڵەم داوە و بەو بیانوویە دەستیان بەسەر مەڕۆماڵاتێکی زۆردا گرتووە و لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە کە پاسگای ''چیانە'' دەستی بەسەر نزیکەی ٤ هەزار سەر مەڕی خەڵکی ئەو ناوچەیەدا گرتووە و بڕیارە لە ورمێ بیفرۆشێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە گوندی ''سێ چۆمان'' سپای تێرۆریستی پاسداران دەستی بەسەر ٧٠٠ سەر مەڕوماڵاتی خەڵکدا گرتووە و بە جەڵەبی لەقەڵەم داوە.

کاربەدەستانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە ئەو مەڕوماڵاتەیان بۆ ورمێ ڕەوانە کردووە و هەڕشەیان لە  کابرای خاوەن مەڕ و شوانەکە کردووە کە نابێ دەنگ بکەن، دەنا دەسبەسەر دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان کەسێک بە ناوی ''محەممەد.د" لەو ٧٠٠ سەر مەڕە، ٨٠ سەری لەنێوان خۆیان و سەربازەکاندا دابەش کردووە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە هێزەکانی کاڵا قاچاخی ورمێ هاتوونەتە سەر ڕێگای کاڵا قاچاخی مەهاباد بە بیانووی ئەوەیکە جەوازیان پێ نەبووە دەستیان بەسەر ئەو مەڕوماڵاتەدا گرتووە.

ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بە بیانووی جۆراجۆر دەست بەسەر داهات و بژێویی خەڵکدا دەگرێت و دواتر دەیفرۆشێتەوە.