کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران ناوچەکانی دەڤەری "تەرگەوەڕ"یان لە پارێزگای ورمێ تۆپباران کرد

11:47 - 24 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر سپای تێرۆریستی پاسداران لە سێڕێیانی بەناو "چواردە شەهید"ـی تەرگەوەڕەوە، شاخەکانی ئەو دەڤەرە و گەلی بەردەڕەشیان تۆپباران کرد.

بەپێی زانیارییەکان هێزێکی زۆری ڕێژیم بۆ ئەو ناوچەیە جووڵەیان پێ کراوە و ناوچەکەیان بەتەواوی میلیتاریزە کردووە و لە هەمان کاتدا بە شێوەی چڕوپڕ شاخەکانی ئەو ناوچەیەیان تۆپباران کردووە.

ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەر ٥ کەس لە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا کوژران و بریندار بوون.

فەرماندەی سنوورپارێزیی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە: "کاتژمێر نزیک دووی دوانیوەڕۆ بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ ژمارەیەک چەکدار، سێ کەس لە هێزەکانی هەنگی سنووری کوژران و دوو کەسیشان بریندار بوون".

لەو پێوەندییەدا دانیشتووانی ئەو ناوچەیە باس لەوە دەکەن کە هیچ کام لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیە نین و ئەگەری هەیە شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خودی هێزەکانی ڕێژیم هاتبێتە ئاراوە.