کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران، هاتوچۆی خەڵک کۆنترۆڵ دەکات

11:39 - 12 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە شار و گوندەکانی کوردستاندا، بە چڕی خەڵکیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، بە ماشینێک لە جۆری "تویوتا"، کە دۆشکای لەسەر بووە، هەروەها شەش ماتۆڕسوار کە چەکی کڵاشیان پێ بووە و سەروچاویان داپۆشیبوو، ڕۆیشتوونەتە شارەدێی سەرچناری سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخان و ئەو شوێنەیان گەمارۆ داوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد کە ئەو هێزانەی سپای تێرۆریستی پاسداران، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەو شوێنەدا ماونەتەوە و چاودێریی ناوچەکەیان کردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەردەوام و بە شێوەی جۆراجۆر، بە ناردنی چەکوچۆڵ، هێزی نیزامی، ئاوەدانکردنەوەی پایگا کۆنەکان و ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی دیکە، کوردستانیان میلیتاریزە کردووە.