کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران هێرش دەکاتە سەر مڵکی خەڵک

12:16 - 12 رەشەمه 2719

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی دانانی بنکەی زیاتر هەوڵی داگیرکردنی مڵک و باخی خەڵک دەدات.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە سەیرانگای "شەشدار" لە شاری ئیلام، بە مەبەستی بەرینتر کردنەوەی بنکەی نیزامیی "فەرەجیانزادە" هەوڵی داگیرکردنی باخ و مەزرای خەڵکی لەو شوێنەدا داوە کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی خاوەن مڵکەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.

لە کاتێکدا کە سپای پاسدارانی ڕێژیم هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو مڵکانەی داوە، خەڵک و خاوەن مڵکەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە لە بەرانبەردا هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و سەرکوتیان کردوون.

هێزەکانی سپا بە لێدانی خەڵک بەتایبەت ژنەکان، هەوڵیان داوە کە خەڵک لە مڵکەکانیان بکەنە دەرەوە.

سەیرانگای "شەشدار"، یەکێک لە بەناوبانگترین سەیرانگاکانی شاری ئیلامە کە لە ٥ کیلۆمەتریی شاری ئیلام و لە لای کێوی "قەڵاقیڕان" کە هێمای شاری ئیلام و سەیرانگای شەشدارە و لە نزیکیی شاری "چەوار"دایە.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران خۆی بە خاوەنداری تەواو مڵک و ماڵی خەڵک دەزانیت و بۆ پەرەپێدانی بەرنامە نگریسەکانی خۆی، بە هەموو شێوازێک هەوڵ دەدات مڵک و ماڵی خەڵک داگیر بکات.