کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمۆزی کرد

18:54 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هێزی دەریاییی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند، ئەگەر ڕیگە نەدەن لە گەرووی هۆرمۆز کەڵک وەر بگرین، ئێمەش دایدەخەین.

ڕؤژی دووشەممە، ٢ی بانەمەڕ، عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریاییی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کانالی تەلەفزیۆنی ئەلعالم باسی لەوە کرد، گەرووی هۆرمۆز بەپێی یاسای نێودەولەتی تێپەڕگەی دەریایە  و ئەگەر ڕێگە نەدەن لە گەرووی هۆرمۆزکەڵک وەر بگرین، ئێمەش دایدەخەین.

ئەوی هەڕەشەی فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کاتێکدایە،  کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دوای بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران،  گوشارەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر کردووە و لە نوێترین حاڵەتدا، بۆ بەسفرگەیاندنی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، دەیەوێت هەموو مەعافییەتەکانی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتانی دیکەوە لا ببات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەمە یەکەم جاریان نییە کە هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمۆز دەکەن، چەندین جارە هەڕەشەی ئەوەی کردووە؛ ئەگەر بەربەست بۆ هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەی دروست بكرێت، ئەویش گەرووی هۆرمۆز کە شاڕێی گواستنەوەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بازاڕەكانی جیهان دادەخات.