کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەی لە ئامریکا کرد

12:46 - 1 بانەمەڕ 2720

سپای تێرۆریستی پاسداران وێڕای ڕەتکردنەوەی ئیدعای هێزی دەریایی ئامریکا لەسەر تەنگپێهەڵچنینی بەلەمەکانی سپا، هەڕەشەی لە ئامریکا کرد کە لە ئەگەری هەر کردەوەیەکی ئامریکا، وەڵامێکی توندیان پێ دەدەنەوە.

هێزی دەریایی سپای تێرۆریستی پاسداران بەیاننامەکەی هێزی دەریایی ئامریکای لەبارەی نزیکبوونەوەی بەلەمەکانی سپا لە ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئامریکای بە ساختە وەسف کرد.

هەروەها هێزەکانی ئامریکای بە سازکردنی کێشە و هەڵسوکەوتی هەڕەشەئامێز بۆ سەر بەلەمە گەشتییەکانی خۆی تاوانبار کرد.

سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاندووە، مانۆڕی بەلەمەکانی ئەوان لە دوای کێشە و گرفت دروستکردنی ناوگانەکانی ئامریکا بۆ سەر یەکێک لە بەلەمەکانی ئەوان دەستی پێکردووە.

سپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە بوونی هێزەکانی ئامریکا لە کەنداو نایاساییە؛ هەروەها وێڕای هەڕەشەکردن لەو هێزانە وتوویەتی، بە هەر هەڵەیەکی موحاسباتی لەلایەن ئامریکاوە، وەڵامێکی توندمان دەبێت.

چەند ڕۆژی ڕابردوو ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئامریکا (سێنتکام) لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە ١١ بەلەمی سپای تێرۆریستی پاسداران بە مەودایەکی کەمەوە لە دەوروبەری ناوەکانی ئامریکا نزیک بوونەتەوە و ئەو هەوڵانەی سپایان بە هەڕەشەئامێز ناو برد.