کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران و هێزە ئینتزامییە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دژ بە کوردستانییان هاوئاهەنگی دەکەن

12:18 - 2 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران و هێزە ئینتزامییە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ چاوەدێری و پشکنینی خەڵکی کوردستان، پێکەوە هاوکاری دەکەن.

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، سپای تێرۆریستی پاسداران و هێزە ئینتزامییە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا، لەوانە: مەریوان، مەهاباد و شنۆ، پێکەوە کۆبوونەوەیان بووە.

لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە، کە ئەم دوو لایەنەی ڕێژیم، پێکەوە لە نێو شارە کوردنشینەکاندا، بە ماشینی شەخسی، گەشتیان هەبێت و خاڵی پشکنین دابنێن.

هەروەها ئەم دوو لایەنە سەرکوتکەرە، دەیانەوێت بە شێوازێکی توند چاوەدێریی هەڵسوکەوت و هاتووچۆی خەڵک بکەن و ئەگەر بچووکترین گومانیان لەسەر هەر کەس هەبوو، دەسبەجێ دەسبەسەری بکەن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لەگەڵ ژمارەیەک لە لیباس شەخسییەکانی حکوومەت، لە سنووری شاری مەریواندا جێگیر کراون.

هەروەها حەوتووی پێش، کۆمەڵێک جاشی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕژابوونە نێو گوندی "ماشکان" لە ناوچەی "بەربنە"ی پیرانشاردا و بە بیانووی هەبوونی ئەندامانی هێزە کوردییەکان، ماڵ بە ماڵی گوندەکەیان پشکنیبوو.