کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران، پارازیتی خستووەتە سەر سیستمی GPS

17:02 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران، پارازیتی خستووەتە سەر سیستمی GPS  و ئەمەش  ئینتەرنێت، ئوپراتۆرەکانی مۆبایل و سیستمە ناوبەرییەکانی فڕۆکە و کەشتییەکانی تووشی کێشە کردووە.

لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردووە، هەواڵگەلێکی نافەرمی لەبارەی کارنەکردنی سیستمی "جی پی ئێس" لە ئێراندا بڵاو دەبووەوە، هەتا ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی جۆزەردان، کە "حوسێن فەلاح جوشقانی"، بەرپرسی ڕێکخراوی تەنزیمی موقەرەرات و پەیوەندییە ڕادیۆییەکانـ"ـی ڕێژیم، بەفەرمی ڕایگەیاند کە پارازیت خستنە سەر سیستمی "GPS"، بە شێوەیەکی ئەنقەست بووە و لە لایەن ناوەندێکی سەر بە ڕێژیمەوە ئەنجام دراوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی: "بەپێی ئەو ڕاپۆرت و سکاڵایانەی بەدەسمان گەیشتووە و هەروەها  لێکۆڵینەوەکانمان، بۆمان دەرکەوتووە کە دیسانەوە ڕۆژی پێنجشەممە، بە شێوەیەکی ئەنقەست، پارازیت خراوەتە سەر سیستمی "GPS" و ئەمەش سامانەی ناوبەریی فڕۆکەکانی تووشی کێشە کردووە".

ناوبراو لە قسەکانیدا جەختی لەوە کردووەتە کە پارازیت خستنە سەر سیستمی "جی پی ئێس"، هێڵی ئینتەرنێت ناهێڵێت و ئەمنییەتی فڕۆکە و کەشتییەکانیش دەخاتە مەترسییەوە.

هەرچەندە هەتا ئێستا دیار نییە کە ئەم پارازیتانە کاری چ لایەنێک بێت، بەڵام هەموو گومانەکان دەچنەوە سەر سپای تێرۆریستی پاسداران.

مووشەکە بالیستیکی و خاڵپێکەکان لە ڕێگای دەزگای "GPS"، کە  بەستراوەتە بە  ماهوارەی "ناڤاستار"، هیدایەت دەکرێن.

وێدەچێت سپای تێرۆریستی پاسداران بیهەوێت لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئامریکا یاخود وڵاتانی ناوچەکە، کاری ئەم مووشەکانە تووشی گرفت بکات.