کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران گوندنشینەکانی وەزاڵە هێناوە

17:04 - 22 گەلاوێژ 2720

سپای تێرۆریستی پاسداران لە گوندی "گۆگجە"ی سەرشیوی مەریوان گوشاری خستووەتە سەر خەڵکی ئەو گوندە و خەڵکی وەزاڵە هێناوە.

بەپێی زانیارییەکان کە بەدەستی "کوردستان میدیا" گەیشتووە سپای تێرۆریستی پاسداران ئاوی خواردنەوەی گوندی گۆگجەی پچڕاندووە و بە کەفکێش بۆ مۆڵگەی بەکرێگیراوەکانی خۆی ڕاگواستووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن بەکرێگیراوەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران شەوانە تەقە لە مەڕدارەکانی ئەو گوندە دەکەن و ژیانی شوان و خاوەن مەڕومالاتەکانیان خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی زانیارییەکان ماوەی چەند ڕۆژێکە هێڵی تەلەفوونی ماڵان و موبایلیان لەو گوندە پچڕاندووە.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سپای تێرۆریستی پاسداران ٥ موڵگەی نوێی دیکەی لە شاخەکانی ئەو گوندەدا دامەزراندووە و هێزێکی زۆریشی لە مزگەوت و قوتابخانەی ئەو گوندەدا مۆڵ داوە.

بەپێی زانیارییەکان چەند کەسی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەکانی" م.م"، "ش.م"، "ب.م"، "ع.و"، "ع،ب"، "ل،ب"، "ع.ب" بوونەتە دەمڕاست و هاوکاریی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لە گوندی گۆگجە دەکەن و گوشاریان بۆ خەڵک هێناوە.

هەندێک لە خەڵکی ئاوایی گۆگجە ڕایانگەیاندووە ئەگەر سپای تێرۆریستی پاسداران لەو جۆرە گوشار و ئازارانە بەردەوام بێت ناچارین ماڵ و حاڵمان بەجێبێڵین و ڕوو بکەینە شارەکان.

هەروەها لەسەر ڕێگای خەڵکی گوند بۆسەر کاروبارەکانیان خاڵی پشکنینیان داناوە و بە لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە خەڵکیان وەزاڵە هاوردووە و بە زۆر باج لە خەڵک وەردەگرن.