کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستیی پاسداران ئیدعای خزمەتگوزاری دەکات

11:58 - 17 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کە ئابووریی وڵاتی لە بەردەستە، دیسانیش ئیدعا دەکات، کە دەبێ ئەو ڕێکخراوەیە کاری ئابووریی زیاتری پێ بسپێردرێت.

بەرپرسانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کە دەستیان بەسەر ئابووریی ئێراندا گرتووە، داوایان کردووە کە دەبێ لە دەفرایەتییەکانی سپا بۆ ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی لە وڵاتدا زیاتر کەڵک وەربگیرێت.

لەو بارەیەوە پاسداری ڕێژیم "ئسیماعیل کەوسەری" جێگری "قەرارگای ساروڵڵا"، داوای کردووە، کە بەرپرسانی بەڕێوەبەریی دەبێ بەباشترین شێوە کەڵک لە دەفەرایەتییەکانی سپا بۆ خزمەتگوزاری بگرن، هەتا خەڵک پێشکەوتن بە چاوی خۆیان ببینن.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە هەر لە سەرەتای دامەزرانی سپا، ئەو ڕێکخراوەیە خزمەتی بە خەڵک کردووە و هەتا ئێستاش هەر بەڵێنییەکی داوەتی، جێبەجێی کردووە.

جێگری قەرارگای ساروڵڵا، باسی لە بەنداوسازییەکان لە ئێراندا کردووە، کە دروستکردنی ئەو بەنداوانە خزمەتێکی گەورەی بە وڵات کردووە.

ئیدعا و قسەکانی کەوسەری بەپێچەوانەی کار و کردەوەکانی ڕێکخراوی سپایه و وێرانی و قەیرانەکانی کە بەرۆکی خەڵكی ئێرانیشی گرتووەتەوە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوەیەیە.

پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازیی کە لە دەستی سپایە، نیوەی زیاتری وەک خۆی ماوەتەوە و تەنیا بۆ پارە کۆکردنەوە کاروباری ئابووری بەڕێوە دەبەن و مەبەستیان خزمەتگوزاری نییه.