کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای سایبێری و چاوەدێری هاوپەیمان

13:32 - 9 خاکەلێوه 2721

مامۆستا هێمن

چەند ساڵێکە هەموو لایەک دەزانن "مێحوەری موقاوەمەت" یان هەمان هیلالی شیعە، ئێران سەرکردایەتیی دەکات و بەکاری دێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی کە لە بەهێزکردنی شیعەکان لەژێر دەسەڵاتی ئێران، دژایەتیی بیری نەتەوەیی کورد لە ناوچەکەدا، دژایەتیی سوننە بەگشتی و بەتایبەت لە کەنداو و هەروەها دژایەتیی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیدا خۆ دەنوێنێت.

ئەوەی تا ئێستا زۆر سەرنجی نەخراوەتە سەر، لایەنی سپای سایبێرییە. ئەو مێحوەرە کە ئەرکی زۆر گرنگی بۆ ئامانجەکانی سەرەوە پێدەسپێردرێت. شەری سایبێری ئیستا یەکیک لە گەورەترین کێشەکانی جیهانە. بۆ نموونە لەنێوان ئامریکا و رووسیە، بەریتانیا و چین و هەروەها رووسیە و ئورووپا. ئێستا گرنگترین شەڕی جیهان کە ڕەنگدانەوەی لەسەر هەموو سیاسەتی جیهانی هەیە، لەسەر تەکنۆلۆژیای (5G) و (Artificial intelligence زیرەکی دەستکرد)ە لەنێوان ئامریکا و چین. بەرەی شەڕی سایبێری ئەوەندە بەرفراوانە کە زۆر لایەن لەخۆوە دەگرێت وەک جاسووسی و دزینی زانیاری، ڕاگرتنی سیستەمە گرنگەکان، گۆڕینی بیروڕای کۆمەڵگا لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا، چاوەدێری کەس، دەزگا و حکوومەتەکان و هتد.

شەڕی سایبێری نێوان ئێران و ئیسرائیلدا شەڕی هەرە سەرەکیی ئێرانە لە هەمان کاتدا هەزاران سەربازی سپای سایبێریی ئێران لەسەر کۆمەڵگا عەرەبییەکان و بەتایبەت وڵاتانی کەنداو کار دەکەن. دوای ئەوەی ڕەوشی ئابووریی ئێران بەهۆی گوشارەکانی ئامریکا تێکچوو و نیشانەکانی بادانەوەی هێندێک لە هێزە مووچەخۆرەکانی ئێران لەگەڵ کەمبوونەوەی مووچەکانیان ئاشکرا بوو، ئێران لە نزیکترین نوێنەرەکانیشی وەک حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی حیزبووڵڵای لوبنان دڵنیا نییە و پێدەچێت ئێران بیهەوێت زیاتر چاوەدێریان بکات.

بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، له‌شكری قودسی سپای پاسداران یەکەیەکی زانیاریی سایبێری بۆ حیزبووڵڵا داناوە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە حەسەن نەسروڵڵا پێیان دەسپێرێت. هەر هەمان یەکە ئەرکی چاوەدێریکردنی حەسەن نەسروڵڵا و گرووپەکەیەتی بۆ ئێران. جەواد حەسەن نەسروڵڵا، کوڕی سەرۆکی حیزبووڵڵاش هەر لە هەمان یەکەدا کار دەکات. ئامانجی ئێستایان ئەوەیە کە حیزبووڵڵا بتوانێت بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی و لە ڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە زانیاری لەسەر بەشە جۆراوجۆرەکانی حکوومەتی لوبنان کۆ بکاتەوە.

زۆربەی ئەندامانی ئەو تۆڕە جاسووسییە پێک دێن لە ئەندامانی دەستەی زانیاریی ئێرانی- لوبنانی وەک بەشێک لە سپای سایبێریی حیزبووڵڵا کە ساڵی ٢٠٠٥ دوای تێرۆرکرانی ڕەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی لوبنان دامەزراوە. ئەندامانی ئەو تۆڕە کارەکەیان بریتییە لە: "هەککردنی سیکوریتیی تەلەفوونەکان، چاوەدێری، خۆخزاندنە نێو تۆڕی Wifi و کۆکردنەوەی زانیاری لە قەبارەیەکی یەکجار زۆردا لەسەر ئەندامان و دژبەرانی حیزبووڵلا".

جیا لە کارەکانی ئەو تۆڕە لە لوبنان، ئەوان بەشێکن لە پلانێکی زۆر گەورەتر کە لەلایەن ئێران و رووسیە پشتگیری دەکرێت بۆ هێرش کردنە سەر دامەزراوەکانی بواری نەوت و گاز، بانکەکان و هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە وڵاتانی کەنداودا. وەک نموونە: "هێرشی سەر ئاژانسی هەواڵی ئیمارات WAM  لە ئەبوزەبی". ئەو هەوڵانە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی سپای قودس بە دەستی ئامریکاییەکان لەلایەن حوسێن سەلامی فەرماندەی ئێستای سپای پاسداران چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی کاری زیاتر لە هاوپەیمانە لوبنانییەکانیان بکێشن بۆ بەهێزکردنی خۆیان لە بواری زانیاریی ناوچەیی و بەکارهینانی زیاتری سپای سایبێری. ڕووسیەش ئامانجی بەهێزبوونی ئەوانە بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست دژی شانشینەکانی کەنداودا بەکاریان بێنێت.

خالێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە لە شوێنیکی ژێر چاوەدێریی حیزبووڵڵا لە گەڕەکێکی کۆنی باشووری بەیرووت لەنێو بینایەکی کەلاوە و کۆن ئێران فێرگەیەکی بۆ پێگەیاندنی ئەندامانی ئەو تۆڕە جاسووسییە داناوە. پێشکەوتووترین ئامێرەکانی تەکنۆلۆژی و باشترین مامۆستاکان بۆ ئەو فێرگەیە دابین کراوە و وەک لقێکی زانکۆی "سەنعەتی شەریف" لە تاران کە زیاتر لە ٩٠٠٠٠ خوێندکاری بواری زانستی کامپیوتێر لەوێ پەروەردە دەکرێن کار دەکات. ئەو فێرگەیەی بەیرووت لەلایەن ڕەزا ڕووستا ئازاد بەڕێوەبەرایەتی دەکرێت کە خۆی یەکێک لە ناسراوترین مامۆستایانی زانستی کامپیوتێر بووە لە زانکۆی سەنعەتی شەریف. ئەم فێرگەیە بووەتە کانگایەکی پەروەردەکردنی پسپۆڕ بۆ سپای سایبێریی ئێران لەژێر دەسەڵاتی سپای پاسداران و هەروەها "وەزارەتی ئیتلاعات". خوێندکارانی فێرگەکەی بەیرووت تەنیا خەڵکی لوبنان نین بەڵکوو خەڵکی عێراق، بەحرەین و سووریه‌ن کە بەتایبەت ڕادەهێنرێن بۆ هێرشی ڕاستەوخۆی ئێلێکترۆنی، کۆنترۆڵکردنی بیروڕای کۆمەڵگا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەروەها بەلاڕێدابردنی کەمپەینەکان لە جیهانی دیجیتاڵدا.

ئێران باش تێگەیشتووە کە بۆ مانەوەی "حکوومەتی ئیسلامی" پێویستیی بە هێزی ئێلێکترۆنی و سپای سایبێرییە و بەشێکی بەهێزیش لەو سپایە بۆ کۆنترۆڵکردن و هێرش کردنە سەر کورد بەکار دێنێت لە زۆر مێحوەرەوە. ڕۆژانە بەشێوەی ئاشکرا و شاراوە ئێمە شاهیدی هێرشەکانی ئێرانین بە شێوازی جۆراوجۆر بۆسەر تاک و سیستەم و کۆمەڵگای کوردستاندا. زانکۆکانی کوردستانیش ژمارەیەکی زۆر قوتابیی بواری ئایتییان هەیە کە خوێندنیان تەواو کردووە و بەداخەوە بەدەست نەبوونی کار و هەلی کارکردن لە بواری خۆیاندا دەناڵێنن!

کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتووی ناوچەکەدا پێگەی هەبیت، پێویستە ئاستی خوێندن و زانیاریی قوتابیانی بواری ئایتی بە ڕادەیەکی زۆر بەرز بکاتەوە. هەروەها پێویستە بەشیکی زۆر لە خوێندکارە هەرە زیرەکەکان وەک سپای سایبێریی کوردستان ڕێک بخرێن بۆ ئەوەی بتوانن وەک پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی کورد بکەن لەجیهانی دیجیتاڵدا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.