کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای قودس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵامیشی وەرگرتەوە

17:33 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی قودس هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گوڵان و وڵامێکی قورسیشی وەرگرتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، سپای تێرۆریستی قودسی کۆماری ئیسلامی لە خاکی سووریەوە، ٢٠ ڕاکتیان بەرەو بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گوڵان هاویشتووە و سامانەی بەرگری ناسراو بە " گومەزی پوڵایین"ی ئیسرائیل، راکتەکانی تەقاندووەتەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە هێرشەکانی سپای قودس کە بەوتەی ڕێژیمی سوریە لە وڵامی هێرشەکەی ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بووە، نەیتوانیوە خەسارێک بە هێزەکانی ئیسرائیل بگەیەنێ.

ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بنکەکانی ڕێژیمی ئێرانی بوردمان کرد و بە وتەی گوتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، زۆرتر لە ٣١٠ پاسدار لە ئاکامی ئەو هێرشە کوژراون.

جاناتان کنێریکوس، گوتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، سەبارەت بەم هێرشە کە لە خاکی سوریەوە ئەنجام دراوە ڕایگەیاندووە: ئەو هێرشە لە لایەن سپای تێرۆریستی قودس و بە فەرمانی قاسم سولەیمانی کراوە و وڵاتەکەی ئەو هێرشە، بە هێرشی توندی ڕێژیمی ئێران دەزانێت و باسی لەوە کردووە کە بۆ هەر سناریویەک ئامادەن.

ململانێیەکان و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریە دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، توندتر بووە و چەند کاتژمێر دوای هێرشەکەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سکای نیوز ڕایگەیاند: ئیسرائیل چەندین بنکەی نیزامی لە خاکی سووریەدا بوردمان کردووە کە بریتین لە ناوچەی "جمرایا" و "الکسوە" کە زۆرینەی پاسدارەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران لەم ناوچانەدان .