کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بە بیانوی نۆژەنکردنەوەی زیارەتگەکان پارە لە خەڵک وەردەگرێت

12:30 - 9 پووشپەڕ 2720

سپای تێرۆریستی پاسداران کە زۆرێک لە سەرچاوە ماڵییەکانی خۆی لەدەست داوە، لە ئێستادا بە بیانووی نۆژەنکردنەوەی زیارەتگەکان لە سووریە و عێراق، پارە لە خەڵکی کوردستان و ئێران دەستێنێت.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کە چەندین ساڵە بە میلیاردها دۆلاری لە پارە و سامانی خەڵکی ئێران لە ڕاستای پیلانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە خەرج دەکات، لە ئێستادا کە زۆرێک لە سەرچاوە ماڵییەکانی لەدەست داوە، بە بیانووی نۆژەنکردنەوەی زیارەتگەکان، پارە لە خەڵک وەردەگرێت.

سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ ئەم مەبەستە، فیشی  یەک هەزاری و ٢ هەزار تمەنی بە بیانووی نۆژەنکردنەوەی زیارتگەکان لە سووریە و شارەکانی موسڵ و نەجەف لە عێراق لەنێو خەڵکدا بڵاو دەکاتەوە و پارە لە خەڵک دەستێنێت.

ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای بەڕێوەبردنی ئامانجە ئیدئۆلۆژییەکانی، چەندین ساڵە کە لە وڵاتانی سووریە و عێراق بە بیانووی پاراستنی زیارەتگە و شوێنە ئایینەییەکان، لە کاروباری ئەو وڵاتانە دەستێوەردان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش تێچوویەکی زۆری ماڵی و گیانیی داوە.

لە حاڵێکدا کە خەڵکی ئێران بەهۆی سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە دۆخێکی زۆر نالەباردا ژیان بەسەر دەبن، نەتەنیا لەلایەن ڕێژیمەوە یارمەتییەکیان پێ نادرێت، بەڵکوو ڕێژیم بۆ دابینکردنی تێچووی پیلانەکانی، زیاتر خەڵک دەڕووتێنێتەوە. 

هەروەها لە ئێستادا کە ڕۆژانە دەیان کەس لە خەڵکی ئێران بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە دەبنە قوربانی و بە هەزارانیش تووش دەبن و زۆرێک لە نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمیی کەرەستەی پزیشکی و دەوا و دەرمان بەرەوڕوون، لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ ئاوڕێک بەو دۆخە نادرێتەوە و ڕێژیم زیاتر گرینگی بە پیلانەکانی دەدات هەتا چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک.