
سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هێرشی مووشەکیی بەربەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بۆ سەر هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی وەئەستۆ گرت.
لە بەیاننامەی سپای پاسداراندا هاتووە: "ئەو هێرشە لە کاردانەوە بە کوژرانی دوو ئەندامی سپا لە سووریە بووە و ناوەندی ستراتیژیی پیلان و ئاژاوەگێڕیی سەر بە ئیسرائیل کراوەتە ئامانجی ئەو هێرشە".
لەو بیانییەدا لەسەر وردەکارییەکانی ئەو ناوەندە و پەیوەندیداربوونی لەگەڵ ئیسرائیل باسی لەسەر نەکراوە.
لەو هێرشەدا بە ١٢ مووشەکی بالستیک نزیک کۆنسولخانەی ئامریکا لە هەولیر کراوەتە ئامانج، بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئامریکا، لەو هێرشەدا هیچ ئامریکاییەک زیانی پێ نەگەیشتووە و زیانێکیش بە دامەزراوەکانی ئامریکا لە هەولێر نەکەوتووە.