کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بە فەرمی جینایەتی ١٧ی خەرمانانی وەئەستۆ گرت

14:13 - 18 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا:  سپای تێرۆریستی پاسدارانی رێژیمی تاوانخوڵقێن، بە فەرمی و لە دوو توێی ڕاگەیەندراوێکدا بەرپرسایەتی جینایەتی ١٧ی خەرمانانی وە ئەستۆ گرت کە جیا لە شەهیدکردن و بریندار بوونی پۆلێک تێکۆشەر، بەواتای بەزاندنی سنووری فەرمی وڵاتێکی دراوسێیە.

ماڵپەڕی "فارس" سەر بە سپای پاسداران بە ڕووماڵ کردنی هەواڵی پەلاماری ترسنۆکانەی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، ڕاگەیەندراوی فەرمی سپای پاسدارانی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا بە فەرمی بەرپرسایەتی ئەم جینایەتەیان وە ئەستۆ گرتووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ڕابردوو، ١٧ی خەرمانان لەڕێگەی ٧ مووشەکی زەوی بە زەوی شوێنی نیشتەجێ بوونی حیزبی دێموکرات و فێرگەی نیزامییەکەیمان کردووەتە ئامانج.

ئەم ڕاگەیەندراوەی سپا لەگەڵ ئەوەیکە دەرخەری تێرۆریست بوونی کۆماری ئیسلامی لە بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵاتە، سەلمێنەری سیاسەتی سنووربەزاندن و پێشێل کردنی هەموو یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان و بێڕێزی کردنە بە سەروەری وڵاتێکی دراوسێ کە لە عورفی نێونەتەوەییدا پرسێکی جێگەی قبووڵ کردن نییە.

هاوکات دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکرات ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە ئەم چەشنە کارانەی ریژیم ئاکامی بێدەنگی هەموو لایەنەکان بووە لە ڕابردوودا.

پیویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ٢٠١٨/٧/٢٦ی زایینی بیروڕای گشتی، وڵاتانی رۆژئاوایی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ... لە هەڕەشەکانی فەرماندەرانی سپای پاسداران بۆ هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەکانی ئەوان ئاگادار کردبووە و داوای لێکردبوون کە زەخت بخەنە سەر ئەو رێژیمە بۆ پاشگەزکردنەوەی لەو هێرشە چاوەڕوانکراوە.