کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بە پشتبەستن بە میلیشیا چەکدارەکان، هەڕەشە لە ئامریکا دەکات

11:22 - 20 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە پشتبەستن بە میلیشیا چەکدارەکانی لە ناوچەکەدا، هەڕەشەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کردووە.

پاسداری تێرۆریست "ئەمیر حاجیزادە"، فەرماندەی هێزی هەوافەزای سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بەفرانبار، لە حاڵێکدا کە ئاڵای میلیشیا چەکدارەکانی ناوچەکەی وەک: "حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن، حەشدی شەعبیی عێراق، فاتمیوونی ئەفغانستان، زەینەبییونی پاکستان و حەماسی فەلستینـ"ـی لە پشتەوەی خۆی هەڵ دابوو، هەڕەشەی لە ئامریکا دەکرد.

ناوبراو بە پشتبەستن بەو میلیشیا چەکدارانە، هەڕەشەی لە ئامریکا کردووە، ئەگەر ئامریکا وڵامی هێرشەکانمانی دابایەتەوە، ئێران دەیتوانی ٥ هەزار کەسیان لێ بکوژێت.

پاسداری تێرۆریست "حاجیزادە" وتوویەتی، هەنگاوی دواترمان، وەدەرنانی ئامریکاییەکان لە ناوچەکەیە و هەموو "گرووپە بەرگرییەکان" بۆ ئەم کارە هەوڵ دەدەن.

لەو گرووپە میلیشیایانەی کە پاسدار "حاجیزادە"، ئاڵاکەیانی لە پشتەوەی خۆی هەڵ دابوو و بە پشتبەستن بەو هێزانە هەڕەشەی لە ئامریکا دەکرد، دوو گرووپیان، واتە "حەماس و حیزبوڵڵا"، وەک ڕێکخراوی تێرۆریستی ناسراون.

ئەو کردارەی فەرماندەی هیزی هەوافەزای ڕێژیمی ئێران و پشتبەستنی بەو هێزانە، نیشانەی ئاشکرای پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم و شەڕخوازییە و دەیسەلمێنێت کە ڕێژیمی ئێران و دەست و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، هۆکاری نائارامی و ناسەقامگیرین.