کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بە پلانەوە به هیوای داگیرکردنی شیرکەتی نەیشەکەری حەفت تەپەیە

12:50 - 19 گەلاوێژ 2720

پێشنوێژی هەینیی ڕێژیم لە ئەهواز پاش ٥٦ ڕۆژ ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەیشەکەری حەفت تەپە داوای ڕادەستکردنی بەڕێوبەریی ئەو شیرکەتەی بە سپای تێرۆریستیی پاسداران کردووە.

پاش ٥٦ ڕۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی کرێکارانی "نەیشەکەری حەفت تەپە"، بۆ دەستەبەرکردنی مافە کرێکارییەکانیان، ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ، "عەبدولنەبی مووسەوی فەرد" پێشنوێژی هەینیی ڕێژیم لە ئەهواز، ڕۆیشتووەتە نێو کرێکارانی ناڕازییەوە و پێشنیاری ڕادەستکردنی بەڕێوبەریی ئەو شیرکەتەی خستووەتە بەردەم ئەو کرێکارانی ناڕازی.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتوویەتی: "شیرکەتی حەفت تەپە یان دەبی بگەڕێتەوە بۆ بەشی دەوڵەتی یان دەبێ بەڕێوبەرییەکەی بدرێتە ناوەندگەلێکی بەهێز وەک: بونیادی موستەزعەفان، ستادی بەڕێوبەریی دەستووری ئیمام یان سپا".

ناوبراو بە ئاماژەدان بە نابەڕێوبەری لە خووزستاندا ڕایگەیاندووە، خووزستان شیرکەتگەلی هاوشێوەی حەفت تەپە و گوندگەلێکی وەک غەیزانییەی زۆرە کە هۆکارەکەی نەبوونی بەڕێوبەرانی بەتوانا و شایانی بەڕێوبەرییە.

"مووسەوی فەرد" هەروەها لە قسەکانیدا وتوویەتی، هەندێک کەس شیرکەتی حەفت تەپەیان بە نرخێکی زۆر کەمەوە داوە بە کەرتی تایبەت و شیرکەت و کرێکارەکانیان تووشی کێشە کردووە.

پێشنوێژی ئەهواز لەکاتێکدا پێشنیاری ڕادەستکردنی ئەو شیرکەتە بە سپای پاسداران دەکات کە ئەو ناوەندەی ڕێژیم بۆ خۆی سەرچاوەی گەندەڵییەکی بەرین و بەربڵاو لەو وڵاتەدایە و لە دەرەوەی وڵات بەردەوام کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدات.

سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا دەستی بە سەر زۆربەی ناوەندە ئابوورییەکان، سیستمەکانی زانیاری و گرووپە ڕاگەیاندنییەکانی ئێراندا داگرتووە.

لە ئێستاشدا پاش ئەو هەموو ماوە خۆپیشاندانی کرێکارانی ئەو شیرکەتە، ڕێژیم لە ڕێگای بەلاڕێداکێشانی بیر و ڕای ئەو کرێکارانەوە دەیهەوێت دەست بەسەر ئەو شیرکەتەدا بگرێت.