کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بەردەوامە لە تاڵان کردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان

11:21 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا سپای پاسدارانی ڕێژیم لەڕێگەی خەڵکانێکی هەلپەرەست و بە پشتگیری لایەنگەلێکی نەناسراوی ناخۆجێیی، سەرقاڵی هەڵکۆڵین و بەتاڵان بردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی شاری سەقزە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسداران لە گوندەکانی وەک کانی‌نیاز، باشماخ، تورجان، شیوەتوو، قەپڵانتوو، ئیسحاق ئاوا و بۆخه ڵوو، سەرقاڵی هەڵکۆڵینی تەپۆڵکە و شوێنەوارە مێژووییەکانە کە لە هەندێک شوێندا بەوتەی خەڵکی ئەو ناوچە کەسانی ناخۆجێیی کە وێدەچێ خەڵکی شارەکانی وەک تاران و ئیسفەهان و شیراز بن، لەگەڵیانن.

ئەم چالاکییانەی سپا ناڕەزایەتی خەڵک و چالاکان و خەمخۆرانی ئاسەوارە مێژووییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و پاش سکاڵاکردن، سپا لە هەندێک گونددا ناچار بووە واز لە تاڵانکارییەکانی بهێنێ بەڵام هێشتا لە گوندەکانی وەک باشماخ و ئیسحاق‌ئاوا هەر بەردەوامە.

ساڵانێکی دوور و درێژە کە کۆماری ئیسلامی بەشێوەی سیستماتیک، هاوشێوەی دزینی هەموو سەرچاوەکانی داهات لە کوردستان سەرقاڵی بەتاڵان بردنی ئاسەوارە مێژووییەکانیشە و تا ئێستا چەندین هەزار پارچەی گرانبەها لەم ئاسەوارانە کە نوێنگەی کلتوور و شارستانییەتی کوردستانە بە تاڵان براون.

لە دەیەی 70ی هەتاویدا باندەکانی سەر بە ڕەفسەنجانی و کوڕەکانی، بە پشتگیری سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستاندا ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانیان بە تاڵان برد کە دواتر لە بازاڕە ڕەشەکاندا بە نرخی کەڵان و گران دەفرۆشرانەوە.