کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران سەرچاوەی ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە

11:56 - 24 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران، سەرچاوەی ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە.

برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ کاروباری ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی بلوومبێرگ   (bloomberg tv)ڕایگەیاند: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسی سەرەکیی بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە.

برایان هووک، لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە سپای تێرۆریستی پاسداران سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەڕێوە دەبات، وتی: "ئەگەر چاو لە ناوچە پڕئاژاوە و نائارامەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەکوو: عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن و بەحرەین و ... بکەین، دەبینین کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەو ناوچانە بوونی هەیە. سەرەڕای ئەوەش ۶۰۲ سەربازی ئامریکایی بە دەستی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی عێراقدا کوژراون".

نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ کاروباری ئێران، لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا ڕایگەیاند: تاکوو سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بێدەسەڵات و لاواز نەکرێت، ئاشتی، ئاسایش و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێگیر ناکرێت و سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش لەو ناوچەیەدا چاوەڕوان نەکراوە.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە چالاکییە ئاژاوەگێڕانەکان و کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کرد، کە بووەتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە.

مایک پۆمپێئۆ، وێڕای ئاماژەکردن بە ڕۆڵی کارای تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕیی قاسم سلێمانی، فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو ناوچەیە، لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە "ئایا لە ڕوانگەی سیاسەتەکانی ئامریکاوە قاسم سلێمانی وەکوو ئەبووبەکر بەغدادی، ڕێبەری گرووپی داعش، تێرۆریستە؟"، وتی: بەڵێ، قاسم سلێمانی و ئەبووبەکر بەغدادی هیچ جیاوازییەکیان نییە و هەردووکیان تێرۆریستن.