کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران شەڕی نێوان دانیشتووانی گوندی "هێیە و میراوێ" خۆش دەکات

10:52 - 7 خەزەڵوەر 2721

دانیشتووانی گوندی "هێیە و میراوێ" کە بەهۆی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە کێشەیان هەیە ئەو کێشەیە بە دەستێوەردانی سپای پاسداران و کەسانی بەکرێگیراو درێژەی هەیە.

بەپێی زانیارییەکان ئەگەرچی گوندی "میراوێ" ئاوی خواردنەوەی بۆ "هێیە" بەرداوەتەوە و کێشەکیان چارەسەر کردووە؛ بەڵام بەهۆی ئەوەیکە سپا دەستێوەردان لەو کێشەیەدا دەکات خەڵکی گوندی "هێیە" ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی گوندی "میراوێـ"ـیان بەستووە.

بەرپرسانی سپای پاسداران بە خەڵکی گوندی "مێراوێـ"ـیان وتووە مادام خەڵكی گوندی "هێیە" ڕێگاکە ناکەنەوە ئێوەش ئاوەکە لەسەر خەڵک بپچڕێنن.

خەڵک وڵامی ئەو قسەیەی سپای پاسدارانیان نەداوەتەوە و لە هەوڵدان خۆیان ئەو کێشەیەش چارەسەر بکەن

بەهۆی ئەوەیکە ڕێگاکە داخراوە خەڵک ناتوانن هاتوچۆی نێو شار بکەن و کێشە بۆ مامۆستایانی قوتابخانەکانیش هاتووەتە پێش.

هاووڵاتییەک بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە خەڵک ئەو دوو گوندە بە هاوکاریی کەسانی ڕدێن‌سپی و کەیخوداکان کێشەکیان هەتا ئاستێکی باش چارەسەر کردووە بەڵام بەرپرسانی سپای پاسداران شەڕ و ئاژاوە دەنێنەوە پەرە بە ناکۆکییەکان دەدەن.