کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران، "فیلمبەردار"ی کاتی پێکرانی فڕۆکە ئۆکراینییەکەی دەسبەسەر کرد

12:23 - 25 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڕاستییەکانی کارەساتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، "فیلمبەردار"ی ئەو کارەساتەی دەسبەسەر کردووە.

"قەرارگای ساروڵڵا"ی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو کەسەی کە فیلمی لە کاتی پێکرانی فڕۆکە ئۆکراینییەکەی بە مووشەک هەڵگرتووەتەوە، دەسبەسەر کراوە.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم لەو بارەوە نووسیویانە: "قەرارگای ساروڵڵای تاران بۆ لیکۆڵینەوە و ڕوون بوونەوەی هۆکار و بکەرەکانی ئەو کارەساتە، هەوڵی ناسینەوە و دەسبەسەرکردنی سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەیان داوە".

بەو پێیە کە ڤیدیۆگەلێکی زۆر لە کاتی ڕوودانی ئەو کارەساتە بڵاو کراوەتەوە، دیار نییە کە ئەو کەسە دەسبەسەرکراوە فیلمبەرداری کام ڤیدیۆ بووە.

هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوناسی ئەو کەسە کە بە تاوانی فیلمبەرداری لە کارەساتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە دەسبەسەر کراوە، بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەم کردەوەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم تا سێ ڕۆژ، هۆکاری ئەو ڕووداوەی، "کێشەی تەکنیکی" ڕاگەیاند و هۆکاری ڕاستیی ڕووداوەکەیان شاردەوە. دواتر بە گوشاری کۆمەڵگای جیهانی و بە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆوەکان، ڕێژیمی ئێران ناچار بە دانپێدانان بە ئەنجامدانی ئەو کارەساتە بوو.